26 هەزار بەرمیل نەوت رژایە ناو کەنداوی مەکسیک و کۆمپانیاکانیش بەرهەمهێنانیان راگرت

K24 - هەولێر

بەپێی راپۆرتێکی بلومبێرگ، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، رژانی نەوتێکی زۆر لە کەنداوی مەکسیک، بووە هۆی ئەوەی چەند کۆمپانیایەک لەوان ئۆکسیدەنتاڵ پترۆلیۆم، دەبلیو ئاند تی ئۆفشۆر و تالوس ئینێرجی بەرهەمهێنانیان لە دەریاوە رابگرن.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی بلومبێرگ، پێدەچێت ئەم رژانی نەوتە لە ئەمەریکا گەورەترین بێت لە دوای کارەساتی "دیپ وۆتەر هۆرایزۆن"

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەرهەمهێنەرەکانی ئەمەریکا بەرهەمهێنانیان راگرت کە رۆژانە 62 هەزار بەرمیل نەوت بەهەم دێنن، ئەمەش دوای ئەوەی بۆڕیەکی نەوتی لە ژێر دەریا تەقیوەتەوە، کە 26 هەزار بەرمیل نەوت رژایە ناو کەنداوی مەکسیک لە نزیک ویلایەتی لویزانیا.

ئەگەر قەبارەی رژانی نەوتەکە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوە گەورەترین رژان دەبێت، لە ساڵی 2010ەوە، کاتێک  سەکۆی "دیپ وۆتەر هۆرایزۆنی" کۆمپانیای "بی پی" تەقیەوە و 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کەناراوەکانی لویزیانا رژا.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە بەهۆی رژانی نەوتەوە زیانیان بەرکەوتووە، بریتین لە کۆمپانیاکانی "وۆتەر ئۆیل ئاند گاز" و "ئارینا ئۆفشور".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پاسەوانی کەناراوەکان، ڕێگە بە کۆمپانیاکان نادرێت دەست بە دەرهێنانی نەوت بکەنەوە تاوەکو سەرچاوەی دزەکردنەکە چارەسەر نەکرێت و چاکسازیی گونجاو نەکرێت.