دانیشتووانی "مەدینە سەدر"ـی بەغدا پۆستەری کاندیدان دەدڕێنن

kurdistan24.net

K24 - بەغدا

زۆرینەی دانیشتووانی مەدینە سەدری بەغدا بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیان کردووە و وێنەی زۆرینەی کاندیدانیان دڕاندووە.

لە ناوچەی سەدر (مەدینە سەدر)ـی بەغدا هیچ شتێک نابینرێت ئاماژەبن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن؛ پێچەوانەی هەڵمەتەکانی پێشووی هەڵبژاردن، کە وێنەی کاندیدەکان داروبەردی شەقامەکانیان دادەپۆشی.

هاووڵاتیانی ناوچەی سەدر نەک هەر هەڵبژاردن، بەڵکو هەموو ئەو شتانەشیان بایکۆتکردووە کە هێمان بۆ هەڵبژاردن. ناشیشارنەوە هەموو ئەو وێنە و پۆستەرانەش دەدڕێنن کە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن هەڵدەواسرێن.

عەباس زاییر، دانیشتووی ناوچەی سەدری بەغدایە و دەڵێت: "بە شێوەیەکی گشتی ئێمە لە مەدینە سەدر، بەهەموو شێوەیەک هەڵبژاردنمان رەتکردووەتەوە و نامانەوێت. هۆکارەکەش دیارە؛ لەبەرئەوەیە کە هیچ خزمەتگوزارییەکمان بۆ دابین نەکراوە، ئەگەر دەستکەوتێک یان خزمەتێکم بدیتبایە، بەخوا دەستبەجێ دەچووم دەنگم دەدا" .

هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی "عەبدعەلی کاززم" دەڵێت،  "مەدینە سەدر بەشێکی بچووکی عێراقە. بڕوانن بزانن چیان بە مەدینە سەدر داوە. ئێ بەخوا هەر هێندەشیان بە عێراق داوە، بێجگە لەوە هەڵبژاردنێک رەوتی سەدر تێیدا بەشدارنەبێت، پووچە" .

بەیەکەوە ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق بەلای هەندێک لە چاودێرانی سیاسی، باشترین بژاردەیە بۆ عێراق، بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستا وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت.

نەجم ئەلقەساب، شارەزای بواری سیاسەت قسەی بۆ کوردستان24 کرد: "دڕاندنی لافیتە، پۆستەر و وێنەی پاڵێوراوەکان لە بەغدا و لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەش، بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ هەڵوێستی رەتکردنەوەی بەهێز لەلایەن خەڵکەوە، هەر بۆیە بۆ عێراقی ئەمڕۆ، دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ ساڵی داهاتوو باشترین بژاردەیە ".

دانیشتوانی مەدینە سەدر خۆیان لەدەرەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بینیوەتەوە؛ هەربۆیە بەشدارینەکردنی ئەوان لەسەر رێژەی کەمبوونەوەی بەشداریکردن کاریگەری دادەنێت، بەتایبەت کە مەدینە سەدر 30%ـی دانیشتووانی بەغدا پێکدەهێنن.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.