ئه‌و یاریزانانه‌ دیاریكران كه‌ خاوه‌نی زۆرترین مووچه‌ن له‌ خولی ئیتاڵیا

لاوتارۆ مارتینێز هێرشبه‌ری ئینته‌ر میلان و رافاییل لیاو هێرشبه‌ری ئه‌یسی میلان
لاوتارۆ مارتینێز هێرشبه‌ری ئینته‌ر میلان و رافاییل لیاو هێرشبه‌ری ئه‌یسی میلان

یانەکانی یوڤێنتوس و ئینتەر میلان هەفتەی داهاتوو لە یاریی لوتکەی گەڕی سێزدەی سێریا ئەی رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، پێش یارییەکە لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە، ئەو دوو یانەیە زۆرترین مووچە پێشکەشی یاریزانەکانیان دەکەن کە نزیکەی 210 ملیۆن یۆرۆیە.

یوڤێنتوس لە ناو یانەکانی ئیتاڵیا زۆرترین خەرجی لەم وەرزە لە مووچەی یاریزانەکانی هەیە، ئەو یانەیە ئەم وەرزە نزیکەی 75 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچە پێشکەشی یاریزانەکانی دەکات و پلەی یەکەمی گرتووە.

دۆشان ڤلاهۆڤیچ لە ریزەکانی خانمە پیرەکە بەرزترین مووچەی هەیە، ئەو هێرشبەرە سڕبیە مووچەی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی 13 ملیۆن یۆرۆ، هەروەها لە دوای ئەویش چێزنی گۆڵپارێز دێت و ئەویش زیاتر لە 12 ملیۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانەی هەیە. لە پلەی سێیەمیش ئالێکس ساندرۆ بەرگریکاری بەڕازیلی دێت و ئەویش یازدە ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

یانەی ئینتەر میلانیش لە دوای یوڤێنتوس، زۆرترین مووچەی ساڵانە پێشکەشی یاریزانەکانی دەکات، نێرازۆری بۆ ئەم وەرزە زیاتر لە 70 ملیۆن یۆرۆ تەنها وەکو مووچە پێشکەشی یاریزانەکانی دەکات و لە پلەی دووەم دێت.

هاکان چالهانۆغلۆ ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی ئینتەر میلان، خاوەنی بەرزترین  رێژەی مووچەیە لە یانەکەی، ئەو یاریزانەی پێشووی ئەیسی میلان، ساڵانە 11 ملیۆن و 110 هەزار یۆرۆ وەکو مووچە وەردەگرێت.

لاوتارۆ مارتینێز هێرشبەری ئەرجەنتینی ئینتەر میلان، خاوەن دووەم بەرزترین رێژەی مووچەیە لە ریزەکانی یانەکەی، ئەو یاریزانەش ساڵانە هاوشێوەی چالهانۆغلۆ 11 ملیۆن و 110 هەزار یۆرۆ مووچەکەیەتی و لە پلەی سێیەمیش ئالێساندرۆ باستۆنی دێت، ئەو یاریزانەش 10 ملیۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانەیەتی.

یانەی رۆماش کە خۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگاڵی راهێنەرایەتی دەکات، لە پلەی سێیەم دێت و لە دوای یوڤێنتوس و ئینتەر میلان، خاوەنی سێیەم بەرزترین رێژەی مووچەیە، ئەو یانەیەش ئەم وەرزە 68 ملیۆن یۆرۆ تەنها مووچەی یاریزانەکانیەتی.

لە ریزەکانی رۆما رومێلو لوکاکو هێرشبەری بەلجیکی ئەو یانەیە خاوەنی بەرزترین مووچەیە، ئەو یاریزانە ساڵانەی نزیەکی 9 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچە وەردەگرێت، هەروەها لە پلەی دووەمیش پاولۆ دیبالا دێت ئەو یاریزانەش ساڵانە نزیکەی هەشت ملیۆن یۆرۆ مووچە وەردەگرێت.