وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: زیاتر لە 116 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەشکراوە 

دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان - وێنە: ئەرشیف
دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان - وێنە: ئەرشیف

K24 - هەولێر:

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی تا ئێستا لە بەغداوە نەگەیشتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو زیاتر لە 116.209 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابینکردووە و بەسەر نزیکەی 600 هەزار خێزان دابەشکردووە.

لە راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، وەزارەتەکەیان لە چاوەڕوانی ناردنی نەوتی سپی حکومەتی فیدراڵیین و بۆ ئەوەش چەندین نووسراویان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونیکردووەتەوە، وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی ئامادەییان نیشانداوە بۆ رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕێک نەگەیشتووە، هەر لەبەر ئەوە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە رێگای هەوڵەکانی و بە پاڵپشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تواندراوە بە نرخی پاڵپشتیکراو تاوەکو ئێستا زیاتر لە 116.209 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دابین بکرێت و بەسەر نزیکەی 600 هەزار خێزانی دابەش بکەن.

لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 باسی لەوەکرد: ئەمساڵ زوو دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 هەزار خێزان نەوتی سپییان بەسەردا دابەشکراوە، وەک وەجبەی یەکەم هەموو خێزانێک بەرمێلێک نەوتی سپی وەردەگرێت، ئەمەش مانای وانییە کە دابەشکردنی نەوت بەردەوام نابێت، ئێمە بەردەوام لەگەڵ عێراقیش لە هەوڵداین کە بەشە نەوتی سپی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەوان رەزامەندیان نیشانداوە کە پێنج ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکیان نەناردووە.

ئەوەشی راگەیاند، کاتێک وەزیری نەوتی فیدراڵی و شاندی یاوەری سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئێمە بە ئەوانمان راگەیاند، ئێوە هەر لیتریك نەوت بە چ  نرخێك بە هاووڵاتییانی خۆتان دەدەن، هەر بەو نرخەش بدەن بە هاووڵاتییانی ئێمە، عێراق هەر لیترێک نەوت  بە 150 دینار دەداتە هاووڵاتییانی خۆی، بەڵام بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەر لیترێکی بە 500 دینار ئەژمار کردووە، بەنزینیش بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک دەداتە هاووڵاتییانی خۆی، بەڵام بە 650 دینار بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.

کەمال محەممەد ساڵح گوتیشی: ئەگەر عێراق بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات بۆ جارێکی دیکە دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

ئا/ کارزان حەیدەر