کوردستان24 فێڵی گرووپێکی بازرگانی لە بەغدا ئاشکرادەکات

بەغدا
بەغدا

K24 – بەغدا:

بەبیانووی بڕینەوەی مووچە بۆ هاووڵاتییان لەڕێگەی ناسنامە و بریکارنامەکانیانەوە، کۆمپانیای بازرگانیان دامەزراندووە و بەقەبارەی پێنج ملیار دۆلار کاری بازرگانیان کردووە و باجێکی زۆرریش لەسەر هاووڵاتییان کەوتووە. هاووڵاتییەک دەڵێت: باوکم 146 ملیۆن دۆلار قەرزارە و دادگاش شەش ساڵ زیندانی کردووە. هاووڵاتتییەکی دیکەش ناوچەکەش دەڵێت: سێ مانگە نەمتوانیوە لەماڵ بچمە دەرەوە چونکە فەرمانی گرتنمان هەیە.

ناوچەی سویبە لە رۆژئاوای بەغدا، ناوچەیەکی هەژارنشین و فەرامۆشکراوە، لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019 گرووپێک بەبیانووی بڕینەوەی مووچە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە، ناسنامەی بەشێک لەخەڵکەکەی دەبەن و بریکارنامەیان پێ پڕدەکەنەوە، بەڵام دواتر دەرکەوێ ئەم گوروپە لەو رێگەیەوە چەندین کۆمپانیای بازرگانیان دامەزراندووە و کاریان هاوردەکردنی شتومەکە بووە لە دەرەوەی وڵات کە قەبارەکەی دەگاتە پێنج ملیار دۆلار.

هاووڵاتییەک کە نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکرێت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پسوولەی خۆراکمان لێوەرگیرا و، گەشتمان لێ قەدەغەکراوە، لە ئێستادا هەموو شتێکمان لێ قەدەغەکراوە، من پێشتر کاری بۆیاغم دەکرد و دەمتوانی رۆژانە بچم کاربکەم، بەڵام ئێستا دەترسم بڕۆمە دەرەوە، ماوەی سێ مانگە نەمتوانیوە بڕۆمە دەرەوە.

بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە خوێندەواریان نیە و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵن، لەلایەن خۆیەوە عەزام عەلی، دەڵێت:"باوکم 146 ملیۆن دۆلار قەرزی لەسەرە و دادگاش بۆ ماوەی شەش ساڵ سزای بەسەردا سەپاندووە، ئەوان چەندین ساڵ بەم فێڵەیان نەزانیووە، بەڵام باوکی کاتێک ویستویەتی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت لەیەكێک لە فەرمانگەکان دەرکەوتووە ئەم بڕە پارە زۆرە قەرزاری حکومەتن".

ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچەی سویبە بەم شێوەیە فێڵیان لێکراوە 55 کەس دەبن و وەکو خۆیان دەڵێن لەماوەی چوار ساڵدا بەقەبارەی پێنج ملیار دۆلار لەڕێگەی دروستکردنی چەندین کۆمپانیاوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوە لەوڵاتی ئیمارات.