لە مانگێکدا نزیکەی حەوت هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراون

لە مانگێکدا نزیکەی حەوت هەزار حاڵەتی جیابوونەوە  لە عێراق تۆمارکراون
لە مانگێکدا نزیکەی حەوت هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراون

K24 - هەولێر

مانگی رابردوو نزیکەی حەوت هەزار حاڵەتی جیابوونەوە و  زیاتر لە 32 هەزار گرێبەستی هاوژینی لە عێراق تۆمارکراون.

بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023 بڵاوەکراونەتەوە، بەدرێژایی مانگی ئۆکتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2023، شەش هەزار و 934 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکانی عێراق و دەرەوەی دادگاکان تۆمارکراون.

بە گوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەردا، 32 هەزار و 794 گرێبەستی هاوژینی لە دادگاکانی عێراق و دەرەوەی دادگاکان تۆمارکراون.

بەغدای پایتەخی عێراق لەرووی ژمارەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە پلەی یەکەم دێت. وەکو ئەوەی لە ئامارەکاندا ئاماژەی پێ دراوە، لە پارێزگای موسەنا کەمترین گرێبەستی هاوژینی و لە پارێزگاری زیقاریش کەمترین حاڵەتەکانی جیابوونەوە تۆمارکراون.  

ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە شەش هەزار و 728 هاوژین جیابوونەتەوە، واتە لە ماوەی هەر  کاتژمێرێکدا 10 هاوژین جیابوونەتەوە و لە رۆژێکدا 224 هاوژین. هەروەها چوار هەزار و 259 حاڵەتی جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگەکان تۆمارکراون.

ناوەندەکە، ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوژینانی لە عێراق، لە دادگەکان وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی دۆسیەکان، زۆرترین جیابوونەوە لە عێراق بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری و بێکارییە.

بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ لە ساڵی 2022 زیاتر لە 70 هەزار هاوژین لە عێراق جیابوونەتەوە، واتە رۆژانە نزیکەی 200  هاوژین.