کونسوڵی ئەڵمانیا بۆ كوردستان24: دەمانەوێت لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە هاوکاربین

"ئه‌ڵمانیا پشتیوانی و هاوکاری پێکهاتەکانی کوردستان دەکات"

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بە وەکالەت لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هەڕەشەی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە و دەمانەوێت لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هاوکاربین، بۆئەوەی ببێتە سوپایەکی بەهێز بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و خاکی کوردستان.

بنیامین حەننا کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بەوەکالەت لە هەرێمی کوردستان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئاداری ئەمساڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەرکی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە و ئامانج لێی هاوکاریکردنی پێشمەرگەیە لە رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکان.

بنیامین حەننا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و کوردستان زۆر گرنگ و بەهێزن، ئاداری ئەمساڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد".

ده‌شڵێت: "ئەڵمانیا لەبواری بازرگانی و سیاسی پەیوەندی باشی لەگه‌ڵ هەرێمی کوردستان هەیە، جیالەوەش پشتیوانی و هاوکاری پێکهاتەکانی کوردستان دەکات، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە ئەرکەکانی کونسوڵخانە و زۆریش دڵخۆشین لێرە بین و بەردەوام بین لە پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان".

كونسوڵی گشتی ئه‌ڵمانیا به‌ وه‌كاله‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: "لە بواری سەربازی و ئاسایش ئەڵمانیا چالاکە لە کوردستان، سەربازەکانمان لێرەن بۆئەوەی هاوکاری پێشمەرگە بکەن و پێشمەرگە یەکبگرێتەوە و چاکسازی تێدابکرێت بۆئەوەی ببێتە سوپایەکی بەهێز بۆ بەرگریکردن لە کوردستان."

ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ، له ‌رێگه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكارانی باڵای سه‌ربازی و هێزه‌كانیان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش، رۆڵێكی كاریگه‌ر و به‌رچاویان گێڕاوه‌ له‌ راوه‌دوونان و تێكشكانی تیرۆریستان و پاراستنی ئارامی ناوچه‌كه ‌و هاوكاری و یارمه‌تییه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.