زۆربەی توندوتیژییەکانی خێزانی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێک کۆنترۆڵ دەکرێن

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی بەڕێوبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی  خێزانی و ژنان، چەند رێگایەكیان گرتووەتەبەر تاكو هاووڵاتییان بتوانن بە ئاسانترین رێگا سكاڵا تۆمار بكەن بەرامبەر هەر توندوتیژیەك كە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.

زۆرترین هۆكارەكانی توندوتیژی خێزانی لە رێگای مۆبایلەوە ئەنجام دراون، هەر لە رێگای مۆبایلیشەوە بەهۆی ئەپڵیكەیشنێك بەناوی Safe You دەتوانرێت  كۆنترۆڵی ئەو حاڵەتانە بكرێت، بەڕێوبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند رێكخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ كۆنترۆڵكردنی حاڵەتەكانی توندوتیژی ئەو ئەپڵیکەیشنە بەکاردەهێنن، جگە لە هەرێمی كوردستان لە چەندین وڵاتێکی دیکە بەكاردەهێنرێت کە ئەرمینیا و جۆرجیا نموونەی ئەو وڵاتانەن.

فێنك شەفیق، بەڕێوبەری بەرێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ژنان لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەناو ئەپڵیکەیشنی Safe You سێ لایەن هەڵبژێرین، خزم و هاوڕێ و کەسوکار، بنکەکانی پۆلیس و نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و رێکخراوەکان، هەر لەناو ئەپڵیکەیشتنەکە بەشێک هەیە بۆ وەرگرتنی زانیاری کەسانی راوێژکار لە بواری دەرونی، تەندروستی و یاسایی دەتوانن گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، لە هەمانکاتدا دەتوانین بابەتەکانیان بخوێنینەوە".

گوتیشی: "لەناو ئەپڵیکەیشنی Safe You هاووڵاتییان دەتوانن خێزان و هاوڕێکانیان هەڵبژێرن، لە هەر شوێنێک کە توندوتیژیان بەرامبەر کرا، بە ناومە ئاگادار دەکرێنەوە کە توندوتیژی بەرامبەر کراوە".

فێنك شەفیق، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئەپڵیکەیشنە لە ساڵی 2021ـەوە کاری لەسەر دەکەن، یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکان.

هێڵی گەرمی 119 یەكێكی دیكەیە لەو رێگایانەی گیراوەتەبەر بۆ كۆنترۆڵكردن و رێگریكردنی توندوتیژی، لەمساڵدا زیاتر لە  10 هەزار کەس پەیوەندییان بەو هێڵەوە کردووە، زۆربەی ئەو كەسانەی كە پەیوەندیان بەو هێڵەوە كردووە، تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیەوە بووە، لە رێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

راز فریا، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی  توندوندوتیژی خێزانی لە پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "هێڵی گەرمی 119 بووەتە چارەسەرێکی باش بۆ ژنان و کچان، ئەو کەسانەی کە پەیوەندی بەو هێڵەوە دەکەن زیاتر ئەوانەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی کێشە بوونە، هەندێکیان هەڕەشەیان لێکراوە، کاتێک پەیوەندی دەکەن دۆسیەیان بۆ دەکرێتەوە و دەست بە ئیجرائاتەکان دەکرێت.

سەنتەری راوێژکاری یەکێکی دیکەیە لەو سەنتەر و ناوەندانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە رووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە.

ئەپڵیکەیشنی Safe You
ئەپڵیکەیشنی Safe You
ئەپڵیکەیشنی Safe You
ئەپڵیکەیشنی Safe You