10 سەربازی تایوان تۆمەتبارکراون بە سیخوڕیکردن بۆ چین

K24 - هەولێر

ئەمرۆ دووشەممە، تایوان 10 سەربازی خۆی تۆمەتبار کرد بە سیخوڕیکردن بۆ چین، داواشی لە دادگای وڵاتەکەی کرد سزای توندیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان چین و تایوان لە ئاستێکی خراپدایە.

نووسینگەی داواکاری گشتی تایوان راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، تۆمەتبارە سەرەکەییەکان کە سیخوڕیان بۆ چین کردووە سێ کەسن، ئەوانە تۆمەتبارن بە دامەزراندنی سەربازان و بۆ پێکهێنانی تۆڕێک بۆ پەکین. ئاماژەی بەوەشکرد، چوار سەرباز تۆمەتبارن بە گواستنەوەی زانیارییە نهێنییەکان بۆ چین لەبەرامبەر پارەدا.

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دوو سەرباز تۆمەتبارن، بە تۆمارکردنی ڤیدیۆ و دەڵێن، "دەمەوێت خۆم رادەستی سوپای رزگاریخوازی گەل بکەم" کە ئەمەش بەگوێرەی داواکاری گشتی بەکارێکی زۆر مەترسیدار دادەنرێت.

هەروەها تۆمەتباری دوایی، بەوە تۆمەتبار کراوە کە تەنها بەڵگەنامە سەربازییە نهێنییەکانی لەکۆگای شوێنی کارەکەیدا دزیووە.

داواکاری گشتی دەڵێت: ئەو تۆمەتبارانە خیانەتیان لە وڵات کردووە، ئاسایشی وڵاتیان خستووەتە مەترسی، بۆیە داوا دەکرێت سزایەکی توندیان بەسەردا بسەپێنرێت.

لەماوەکانی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی نێوان چین و تایوان پەرەی سەند، بەو هۆیەوە چین چەندین مانۆڕی سەربازی لەسنوورەکانی تایوان ئەنجامدا خاکی تایوان بەهی خۆیان دەزانن.