98 کەس بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیرکران

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، وێنە:AA
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، وێنە:AA

K24 – هەولێر:

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی فراواندا کە لە 18 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچووە، 98 کەس بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە پەکەکە و کەجەکە دەستگیرکراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنەکان بە سەرپەرشتی بەشی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی تورکیا لەپارێزگاکانی ئاگری، ئانتاڵیا، چەولیگ، بۆرسا، خارپێت، دیلۆک، جۆلەمێرگ، کۆجا ئێلی، مێردین، موغلا، عوسمانیە، یالۆڤا، ئیزمیر، سەمسور، سێرت، ئەدەنە، رەحا و کۆنیا بەڕێوەچووە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشداوە، سەرجەم دەستگیرکراوان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تورکیا کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکە رادەگەیەندرێت.

لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کۆنیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان کەسێکی تەمەن 22 ساڵان بەناوی سوات دەستگیر بکەن، کە پێشتر چالاکی هەبوو بۆ رێکخراوی پەکەکە و کەجەکە و لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەشدا کەسێکی دیکە لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی ئەرەغلی دەستگیرکرا کە بەشدار بووە لە بۆنەیەکی رێکخراوەکە لە ئەڵمانیا.