پەیامنێری کوردستان24: کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سوودانی کۆتاییهات

هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی
هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی

K24 – بەغدا:

کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتاییهات و ئێستا شاندەکە لەگەڵ شاندی تەکنیکی حکومەتی فیدراڵی لە کۆبوونەوەدان.

رۆژی دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتاییهاتووە و کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ شاندی تەکنیکی حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە.

هەروەها کاتژمێر 3:10ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی کۆبوونەوەی شاندەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاند.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوور،ی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی، راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران بەرەو شاری بەغد بەڕێکەوتن".

پێشتر پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەی شاندەکەی لەگەڵ سوودانی رایگەیاندبوو، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوایکرد، بڕی 700 ملیارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی (10، 11 و 12)ـی ئەمساڵ بەردەوام بێت، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چارەنووسی مووچەی ئەو سێ مانگە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلایی بکاتەوە و ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی هەر سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەیان بۆ بەغدا لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی و دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.