پێنتاگۆن: هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان وەڵاممان دەبێت

پێنتاگۆن
پێنتاگۆن

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، لە 23ـی مانگەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی تشرینی دووەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریان.

ئاماژەی بەوەشدا، بوونی هێزەکانیان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراقە. گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: سەرنجمان لەسەر پاراستنی هێزەکانمانە و هیوادارین هێرشی دیکە نەکرێتە سەر هێزەکانمان لەو ناوچانە.

پات رایدەر، گوتیشی: هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان لەو ناوچانە وەڵاممان دەبێت، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لە 23ـی مانگەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا.

پێشتریش بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ئاشکرای کردبوو، سیستمی بەرگری پاتریۆتیان رەوانەی ناوچەکە کردووە و سیستمی تادیش لەرێیە. بۆ ئەو مەبەستەش، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی قسەیکردووە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی عێراق رێکارەکان بۆ پاراستنی سەربازەکانیان توندتر دەکات.

هاوکات ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوادابوو، لە 17ـی مانگی رابردووەوە تا ئێستا 61 هێرشکراوتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، لەو ژمارەیەش 29 هێرش لە عێراق و 33 هێرش لە سووریا بووە.

رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لەبارەی گۆڕانکاری لە هێزکانمان، هیچ شتێکم نییە بۆ ئەوەی لێرەوە رایبگەێنم، بەڵام بە ئاشکرا گوتوومانە سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت و تادمان رەوانەی ناوچەکە کردووە، بۆئەوەی لە ئاسمانەوە هاوکاری پاراستنی هێزەکانمان بکەین. ئەمەش لەچوارچێوەی بەهێزکردنی رێکارەکانە بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا و ناوچەکانی دیکەش".

سابرینا سینگ دووپاتیکردەوە، "ئێستا سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لە ناوچەکەن و کاری خۆیان دەکەن، بەڵام سیستمی تاد هێشتا لەڕێیە و نەگەیشتووە."

لەبارەی بەردەوامی هێرشەکان بە عێراق بۆسەر بنکەکانیان و هەڵوێست و رێکارەکانی عێراق بۆ پاراستنیان، پێنتاگۆن ئاشکرای دەکات، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق قسەیکردووە، بۆئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی عێراق رێکارەکانی بۆ پاراستنی هێزەکانیان توندتر دەکات.