هەنگوینی کوردستان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت

هەنگوینی کوردستان
هەنگوینی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەک بەشێک لە دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، بە هەماهەنگی تیمی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هەنگوین وەک یەکێک لە بەرهەمەکان بۆ هەناردەکردن لە ساڵی 2023ـدا هەڵبژێردرا.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش، تیمی نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی کەرتی تایبەت، کاریان کرد بۆ دۆزینەوەی هەنگەوانان و دۆزینەوەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەنگوینی کوردستان. هاوکات تیمەکە شارەزایی تەکنیکییان پێشکەشکرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەکی سەرکوتوو.

رێژەی بەرهەمی هەنگوینی کوردستان

رێژەی بەرهەمی هەنگوین لە کوردستان لە ساڵی 2022 گەیشتە نزیکەی هەزار و 100 تۆن بەڵام بەهۆی بوونی وەرزی بارانبارینی درێژخایەن لە کوردستان کە کاریگەری نەرێنی لەسەر رێژەی بەرهەمی هەنگەکان هەبوو، بۆیە لە ساڵی 2023 رێژەی بەرهەمی هەنگوینی کوردستان بریتی بوو لە 550 تۆن.

بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەگەر خواستی دەرەکی پێویست بەدیبهێندرێت و لە بازاڕەکانی دەرەوە خواست لەسەر داواکردنی هەنگوینی کوردستان زیاتر بێت، ئەوا کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی هەنگوین دەکرێت لەپێناو زیادکردنی ئاستی هەناردەکردن.

ئامانج لە هەناردەکردنی هەنگوین

وەک بەشێک لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەشێکە لەو هەنگاوانەی حکومەت کە پەیڕەوی دەکات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن تەنیا بە داهاتی نەوت.

هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی هەنگەوانە ناوخۆییەکان دەکات لە رێگەی دروستکردنی بازاڕ لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمەکانیان هاوشێوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە.

ئامانجێکی دیکەش لەم هەنگاوەی کابینەی نۆیەم، بەهێزکردن و بەشدایپێکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە پرۆسەی هەناردەکردندا کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.

دڵنیابوونەوە لە کوالێتی هەنگوین

بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و پابەندبوون بە بەرهەمهێنانی هەنگوینی کوردستان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بە دوو هەنگاو لە وڵاتی ئیمارات پشکنین ئەنجامدراوە.

لە مانگی شوباتی 2023 لە تاقیگەی NLRC لە شاری فوجەیرەی ئیمارات هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 لە تاقیگەی SGS لە شاری دوبەی ئیمارات ئەنجامدرا و بەگوێرەی ئەنجامەکانیش دەرکەوت، بەرهەمی هەنگوینی کوردستان لە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە.

هەنگوینی کوردستان لە بازاڕەکاندا

بە هەماهەنگی تیمی نووسینگەی سەرۆکوەزیران بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیای کەرتی تایبەت و بازاڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لەماوەی رابردوو رێژەیەکی بەرچاو لە بەرهەمی هەنگوینی کوردستان لە بازاڕەکانی ناوخۆ و جیهاندا فرۆشراوە.

کۆمپانیای کارفور عێراق بڕی 840 کیلۆ هەنگوینی لە کۆمپانیای لۆکس بۆ لقەکانی کوردستان و کەرکووک کڕیوە. هەروەها کۆمپانیای تەڵەبات عێراق بڕی 200 کیلۆ هەنگوینی لە هەمان کۆمپانیا کڕیوە بۆ لقەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا.

هەروەها کۆمپانیای فارم کرافت گڵۆباڵ لە وڵاتی قەتەر، دوو تۆن هەنگوینی کوردستانی کڕیوە و لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە دەفرۆشرێت و هەریەکە لە وڵاتەکانی ئیمارات و ئوردنیش لە پەیوەندی بەردەوامن بۆ کڕینی بەرهەمی هەنگوینی کوردستان.

هەنگاوی یەکەمی هەناردەکردن

هەرچەند لە قۆناغی یەکەمدا، وەک پرۆژەی تاقیکاری بڕیاربوو تەنیا بڕی دوو هەزار کیلۆ رەوانەی وڵاتی قەتەر بکرێت، بەڵام ئەو رێژەیە بۆ سێ هەزار و 40 کیلۆ بەرزبووەوە، دوای کڕینی بڕی هەزار و 40 کیلۆ لەلایەن دوو کۆمپانیای ناوخۆییەوە.

ئەو دوو هەزار کیلۆیەی بۆ بازاڕەکانی قەتەر هەناردەکرا پێکهاتووە لە چوار هەزار و 920 شووشەی هەنگوین بە قەبارەکانی 350 کیلۆگرام و 650 کیلۆگرام، داهاتەکەشی بریتی بووە لە 149 ملیۆن و 423 هەزار و 750 دینار.

هەروەها بڕی هەزار و 40 کیلۆ هەنگوینی ئەو دوو کۆمپانیا ناوخۆییە کڕیویانە، لە دوو هەزار و 280 شووشەی هەنگوینی قەبارە جیاواز پێکهاتووە و داهاتەکەشی گەیشتە 76 ملیۆن و 176 هەزار دینار.

بەرهەمی هەنگوین بەپێی ناوچەکان

دابینکردنی هەنگوین بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە هەشت ناوچەی جیاوازی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەڵبژێدرا، دوای ئەوە لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

لە پارێزگای هەولێر، هەنگوینی چیای سەفین زۆرترین بەرهەمی هەبوو کە گەیشتووەتە چوار هەزار کیلۆ. لە پارێزگای سلێمانی، لە شارباژێر 600 کیلۆ و لە ماوەتیش بەرهەمی هەنگوین دوو هەزار و 500 کیلۆ بووە. هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش، لە ئاکرێ 300 کیلۆ و لە ئەترووش 500 کیلۆ بەرهەمی هەنگوین هەبووە.

لە پارێزگای هەڵەبجە، لە بیارە 500 کیلۆ و لە ئیدارەی راپەڕین لە رانیە هەزار و 500 کیلۆ و لە ئیدارەی گەرمیانیش لە کەلار 50 کیلۆ بەرهەمی هەنگوین هەبووە.