دانا عه‌بدولكه‌ریم: داوامان له ئه‌مه‌ریكا كردووه رۆڵی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێت
K24 - هەولێر:
شاندێكی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له كۆنفرانسێكی تایبه‌ت به رێگه‌وبانی ئایینده له واشنتۆن كردووه، هاوكات وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن ئاماژه به‌وه ده‌كات، داوایان له لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی كردووه رۆڵیان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بێت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 29ـی تشرینی دووه‌می 2023) دانا عه‌بدولكه‌ریم، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌میانی به‌شداریكردنیان له كۆنفرانسه‌كه‌دا توانیویانه ژماره‌یه‌ك په‌یوه‌ندی دروست بكه‌ن و چه‌ندین ئاڵوگۆڕی زانیاری به‌ده‌ستبهێنن، كه له داهاتوو سوودی ئه‌رێنیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌میانی مانه‌وه‌یاندا كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ دیسكی عێراق له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه و باسیان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ كردووه.
دانا عه‌بدولكه‌ریم هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، داوایان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق له په‌یوه‌ندیدا بێت به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه‌ی گشتی. جه‌ختیشیكرده‌وه، حكومه‌تی عێراق تا ئێستا یاسای بوودجه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر ده‌هێنێته‌وه.
ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، لایه‌نی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێیان راگه‌یاندوون كه به‌رده‌وام ده‌بن له هاندانی حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی یاسای بوودجه جێبه‌جێ بكات.