دۆخێکی نائاسایی لە قەتەر رووبەڕووی سەرۆککۆماری ئەڵمانیا دەبێتەوە

سەرۆککۆماری ئەڵمانیا لەکاتی گەیشتی بۆ وڵاتی قەتەر
سەرۆککۆماری ئەڵمانیا لەکاتی گەیشتی بۆ وڵاتی قەتەر

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری ئەڵمانیا لەکاتی گەیشتی بۆ وڵاتی قەتەر نزیکەی نیو کاتژمێر لەنێو فڕۆکەکەیدا لە چاوەڕوانی پێشوازی بەرپرسانی قەتەردا مایەوە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە، فڕۆکەکەی شتاینمایەر کەمێک زووتر لەو وادەیەی کە لە بەرنامەی سەردانەکدا بۆی دیاریکرابوو نیشتووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (29ـی تشرینی دووەمی 2023) دۆخێکی نائاسایی رووبەڕووی فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆککۆماری ئەڵمانیا بووەوە لەگەڵ گەیشتنی بۆ قەتەر، چونکە شتاینمایەر نزیکەی نیو کاتژمێر لەناو فڕۆکەکەدا چاوەڕێی بەرپرسانی قەتەری دەکرد کە بێن و پێشوازی لێبکەن.

تا ئێستا هۆکاری دواکەوتنی دابەزینی شتاینمایەر لە فڕۆکەکە رانەگەیەندراوە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە فرۆکەکەی شتاینمایەر کەمێک زووتر لەو وادەیەی کە لە بەرنامەی سەردانەکەدا دیاری کراوە، نیشتووەتەوە.

هەروەها لە میانی سەردانکەیەدا بۆ قەتەر، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆککۆماری ئەڵمانیا لەگەڵ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر کۆبووەوە بارودۆخی غەززەیان تاوتوێ کرد و شتاینمایەر تیشکی خستەسەر هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی قەتەر، هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دیارترین پرس و پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد، جگە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

تەمیم بن حەمەد جەختی لە گرنگی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی کەرتی غەززە کردەوە، هەروەها سەرنجی خستە سەر ئەوەی، کە پێویستە دۆزینەوەی چارەسەرێک کە گەرەنتی دامەزراندنی دوو دەوڵەت بکات بە پێی بڕیارە نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان.

ئەمەش لەکاتێکدایە شتاینمایەر، سەرۆککۆماری ئەڵمانیا گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتی قەتەر کۆتایی پێدەهێنێت، کە رۆڵێکی نێوەندگیری سەرەکی لە شەڕی بەردەوامی ناوچەکەدا دەگێڕێت. گەشتەکەی شتاینمایەر ئیسرائیل، عومان و قەتەری لەخۆگرتبوو.