ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زانکۆکەی لێکتێگەیشتنێکی زانستییان واژووکرد؛ "مۆدێڵێکی نوێیە"

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زانکۆکەی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی زانستییان واژووکرد
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زانکۆکەی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی زانستییان واژووکرد

K24 - هەولێر

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زانکۆکەی لێکتێگەیشتنێکی زانستییان واژووکرد. هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێت، لەمەودوا پڕۆژەکانیان زانستییانە "دیراسەت دەکرێن". سەرۆکی زانکۆکەش واژووکردنی لێکتێگەیشتنەکە بە "مۆدێڵێکی نوێی هەماهەنگی لە هەرێمی کوردستان" ناودەبات. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-11-2023، بە ئامادەبوونی ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران؛ یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی زانستی لەنێوان هەردوولا واژووکرا.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەبارەی واژووکردنی لێکتێگەیشتنەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژانەمەوانیدا رایگەیاند، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کاری هاوبەشی زۆرمان لەگەڵ زانکۆی سۆران هەبووە و پشتیوانییەکی زۆریان لێ کردووین. بڕیارماندا ئەم کارە هاوبەشە بکرێتە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای ئیشکردندمان لە داهاتوودا".

ئامانج لە واژووکردنی لێکتێگەیشتنەکە، وەکو ئەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روونیکردەوە، "سوود وەرگرتنە لە توانا و ئەزموونی مامۆستا و قوتابیانی زانکۆی سۆران بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستیانە پڕۆژە جۆراوجۆرەکانی دەڤەرەکەمان جێبەجێ بکەین".

بە گوتەی ھەڵگورد شێخ نەجیب، "بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی لە دەست ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندان، ڕادەستی زانکۆی سۆران دەکەین بۆ ئەوەی تیمێکی تایبەتی زانکۆکە دیراسەتی پڕۆژە و پلانەکانمان بکات. ئێستا چەند پڕۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ زانکۆکە هەن و کاریان لەسەر دەکرێت".

وەکو ئەوەی ھەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی پێ دا، "لە وڵاتانی پێشکەوتوو پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان هەیە؛ کاری هاوبەشی زۆریان هەیە و سوود لە توانا و ئەزموونی یەکدی وەردەگرن. بەتایبەت زۆرینەی بڕیارەکان لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان توێژینەوە و کاری لەسەر دەکرێت و، ئەنجامەکەشی ڕادەستی یەکە کارگێڕییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و جێبەجێی بکرێن".

لەلایەن خۆیەوە د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، "یاداشتەکە بەشێوەیەک نووسراوەتەوە، ئەگەر سبەی ئێمەش لێرە نەبین، ئەوانەی لە داهاتوودا سەرۆکایەتیی زانکۆکە دەگرنە دەست، بتوانن بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و کارەکان بە دامەزراوەیی بەڕێوەبچن. ئەمە بڕیارێکی زۆر ژیرانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو".

بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی سۆران، "ئەمە مۆدێڵێکی نوێیە لە هەرێمی کوردستان کە دوو دامەزراوەی زانستی و خزمەتگوزاری بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی لە بوارە جیاکاندا سوود لە ئەزموون و تواناکانی یەکدی وەربگرن. قوتابی و مامۆستاکانمان خاوەن بیرۆکە و داهێنانن و دەتوانن زۆر سوود بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بگەیەن".