سعوودیە و چەند وڵاتێک کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان راگەیاند

ئاڵای سعوودیە و کێڵگەیەکی نەوت
ئاڵای سعوودیە و کێڵگەیەکی نەوت

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی وزەی سعوودیە رایگەیاند، کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمی نەوتی خۆبەخشانەی وڵاتەکەی کە یەک ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا تا کۆتایی مانگی ئادار یاخود چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 درێژ دەکاتەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی حکومەتی سعوودیە، کۆی بەرهەمی ئەو وڵاتە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 دەگاتە نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

هاوکات، جەزائیر بەرهەمهێنان بە بڕی 51 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمدەکاتەوە. هەر یەکە لە کازاخستان بە بڕی 82 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و کوێت بە بڕی 135 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ئاستی بەرهەمهێنان تاکوو هەمان بەرواری سعوودیە کەم دەکەنەوە.

بەر لە راگەیاندنی فەرمی بەشێک لە نوێنەرانی ئۆپێک ئەمڕۆ 30ی تشرینی دووەم ڕایانگەیاند بوو، ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە رێککەوتنێکدان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکانیان لە نێوان یەک ملیۆن بۆ دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، گروپەکە هەوڵدەدات پاڵپشتی لە نرخی نەوت بکات بە تایبەت لەکاتێکدا بازاڕ بەرەو کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو دەروا.

نوێنەران دەڵێن، دوای کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی 5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی ساڵی رابردوو، هاوپەیمانانی ئۆپێک پڵەس کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانیان بە پێویستی زانیووە.

سعوودیە و رووسیا و ئەندامانی دیکەی ئۆپێک پڵەس زیاتر لە سەتا 40ی نەوتی جیهان بەرهەمدەهێنن، کە دەکاتە نزیکەی 43 ملیۆن بەرمیل بەرمیل لە رۆژێکدا.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی چوار مانگی رابردوو دابەزی و هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت لە 16ی نۆڤێمبەر بۆ 76 دۆلار و 66 سەنت داکەت، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانی لاوازبوونی گەشەی ئابووری لە ساڵی 2024 و پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنان، بەڵام پاشەکشەی یەدەکی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا و لاوازبوونی دۆلاری ئەمریکی و دروستبوونی زریان لە دەریای رەش کە ئاستەنگی بۆ هەناردەکردنی نەوتی رووسیا و کازاخستان دروستکردووە نرخی نەوتی خستەوە سەر 80 دۆلار.

ئۆپێک لەبارەی خواست لەسەر نەوتی خاو بۆ ساڵی 2024 گەشبینە. بەڵام دامەزراوەکانی دیکە لە نێویاندا کۆمپانیای S&P Global، خواست لەسەر بەرهەمی نەوتی خاوی ئۆپێک زۆر کەمتر دەبینێت، چونکە گەشەی خستنەڕووی نەوتی خاوی وڵاتانی دیکەی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک بەردەوامە لە تێپەڕاندنی چاوەڕوانییەکان و ئامارە ئابوورییەکانی چین بە لاوازی ماونەتەوە.

لە لایەکی دیکەیەوە، کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی لوتکەی کەشوهەوای COP28ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەلایەن ئیمارات وەک ئەندامێکی ئۆپێک میوانداری دەکرێت.