دڵشاد شه‌هاب: به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆپ28 به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌هێزی پێگه‌كه‌ی

دڵشاد شه‌هاب، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
دڵشاد شه‌هاب، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌شداریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (كۆپ28)ـدا به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌هێزی پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 30ـی تشرینی دووه‌می 2023) دڵشاد شه‌هاب، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌ر یه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی و شانبه‌شانی چه‌ندین سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جیهان به‌شداری له‌ كۆپ28 به‌شداری ده‌كه‌ن.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، به‌شداریكردنی هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاماده‌یی كورد له‌ كۆنفرانسه‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌كانی جیهان.

روونیشیكرده‌وه‌، عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌كانی رابردوو و ئێستا و ئایینده‌ش ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی پیسبوونی ژینگه‌، بۆیه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ردوو رووی سیاسی و پیشه‌ییه‌وه‌ جێی بایه‌خن.

باسی له‌وه‌ش كرد، نوێنه‌رانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پسپۆڕییه‌كانی ژینگه‌ به‌شداری كۆنفرانسه‌كه‌ن. دڵشاد شه‌هاب، جه‌ختی كرده‌وه‌ به‌شداریكردنی كورد و سه‌ركردایه‌تی كوردستان له‌و كۆنفرانسه‌ پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی و ئایینده‌یییه‌.

ناوبراو تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، له‌پاڵ چالاكییه‌ ژینگه‌ییه‌كان شاندی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رنامه‌ی دایه‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ میوان و سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ جیهانییه‌كان بكات، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كوردستان خاوه‌نی پێگه‌ی به‌هێزی خۆیه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی به‌هێز و ئیعتوباربۆدانراوه‌.

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو بۆ به‌كارهێنانی وزه‌ی پاك ده‌نێت و رۆژانه‌ ناوچه‌كانی كوردستان سه‌وز ده‌كات و به‌نداوی بچووك دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌متر بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ژینگه‌ و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا.

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28)  گەیشتە ئیمارات.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".