مادان گۆپال بۆ کوردستان24: پەیوەندیەکانی هیندستان و هەرێمی کوردستان نایابە

مادان گۆپال، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر
مادان گۆپال، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتی هیندستان لە ھەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نایابە و چاوەڕوانن لەرووی کولتووری و بازرگانییەوە زیاتر بەرەوپێشی ببەن.

رۆژی هەینی (1ـی کانوونی یەکەمی 2023) مادان گۆپال، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر بۆ کوردستان24 رایگەیاند، خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی هیندستان دەکەن و رۆژانە ڤیزا بۆ گەشتکردن بە مەبەستی چارەسەر پزیشکی دەدەنە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان

مادان گۆپال گوتی، "زۆر سوپاس کوردستان24 ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی لەگەڵمان هاوبەشی بە فێستیڤاڵی کێرلا بکەن، کێرلا هەرێمێکە لە باشووری هیندستان و شوێنێکی زۆر جوانە دەرفەتی زۆری لە بواری گەشتوگوزار و بواری تەندروستی و چەندین دەرفەتی دیکەی لێیە".

کونسوڵی گشتی هیندستان لە ھەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نایابە و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی تەواومان دەکەن، چاوەڕوانین پەیوەندییە کولتووری و بارزگانییەکانمان بەرەوپێش ببەین".

هەروەها گوتیشی، "دامەزراوەی تەندروستی زۆرباشمان هەیە، کوردێکی زۆر بۆ چارەسەر پزیشکی دەڕۆنە هیندستان، چونکە دامەزراوەی زۆر باشمان هەیە و چاڕوانکردنێکی زۆری ناوێ و نرخەکەی هەرزانە، رۆژانە ڤیزە بۆ چارەسەری تەندروستی دەردەکەین".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، مادان گۆپال باسئ لەوەکرد، "هیندستان لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری، بانک و کشتوکاڵ بەناوبانگە، چەندین پزیشکی باش دێنە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بۆ ئەوەی لە بوارێکی دیاریکراو یارمەتی نەخۆشەکان بدەن، دڵنیام ئەو سەردانەی پزیشکەکان بەردەوام دەبێت و نەخۆشخانەکانی هیندستانیش لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە".