پێنج ئەندامی داعش دەستگیر کران

(ئەرشیف) دەستگیرکردنی ئەندامێکی داعش
(ئەرشیف) دەستگیرکردنی ئەندامێکی داعش

K24 - هەولێر

شانەی راگەیاندنی ئەمنی، دەستگیرکردنی پێنج ئەندامی ریکخراوی داعشی لە سنووری پارێزگای نەینەوا راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بۆ بەدواداچوونی پاشماوەکانی تیرۆر و بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، لە میانی بۆسەیەکدا لە گوندی ئەلمومی سەر بەقەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا، پێنج چەکداری ریکخراوی داعش دەستگیرکران".

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژەکراوە، "ئەو تیرۆریستانە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4ـی تیرۆر داواکراون، هەروەها رۆڵیان هەبووە لە شەڕی دژی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان"، دەشڵێت: دەستگیرکراوەکان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان لە دژیان.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، نزیکەی کاتژمێر 07:00، ژمارەیەک چەکداری داعش چوونەتە نێو گوندی "گۆپتەپە" لە سنووری قەزای مەخموور و، رووبەڕووی سوپای عێراق بوونەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە ئەنجامی شەڕەکەدا، دوو سەربازی سوپای عێراق برینداربوون و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سوپای عێراق گەمارووی گوندەکەی داوە و شەڕەکە بەردەوامە.

پەیامنێری کوردستان24 دەشڵێت، "ئەو چەکدارانەی داعش کە بەیانی ئەمڕۆ چووەنەتە نێو گوندی گۆپتەپە و دەگوترێت هەشت چەکدارن، کاتژمێر 11:00ـی شەوی رابردوو لە گوندی عەلیە رەش، رووبەڕووی سوپای عێراق بوونەتەوە؛ سەربازێکیان کوشتووە و چوار سەربازی دیکەشیان بریندارکردووە".