ئاوارەیەکی کەمپی چەمشکۆی زاخۆ کوژرا؛ "هۆکارەکەی نادیارە"

وێنەی ئەو ئاوارەیەی کوژراوە؛ تەمەنی 54 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە
وێنەی ئەو ئاوارەیەی کوژراوە؛ تەمەنی 54 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە

K24 - هەولێر

ئاوارەیەکی کوردی ئێزدیی دانیشتووی کەمپی چەمشکۆی سنووری زاخۆ کوژرا و تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە ئاشکرانەکراوە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، نزیکەی کاتژمێر 08:30 خولەک، گولـلـەیەک کە تاوەکو ئێستا سەرچاوەکەی دیارنییە، بەر سەری ئاوارەیەکی کوردی ئێزدیی دانیشتووی کەمپی چەمشکۆی زاخۆ کەوت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

ئاوارەکە ناوی "شوکر خودێدا حەسەن"ـە، تەمەنی 54 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە. کەسوکارەکەی باسیان لەوە کرد، لەوکاتەوەی ناوبراو لەژێر خێوەتەکەیدا دانیشتبوو، گـولـلـەکە بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

له سنووری ئیدارەی سەربەخۆی‌ زاخۆ چوار که‌مپی ئاواره‌کانی کوردانی ئێزدی هه‌ن. که‌مپی چه‌مشکۆ نزیکه‌ی 26 هەزار که‌سی تێدا ده‌ژی. دەکەوێتە نزیک بارەگای کۆلیژی سەربازی زاخۆ و مەدوای نێوانیان 700 مەترە.

بەشێک لە دانیشتووانی کەمپەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت گولـلـەکان لەکاتی مەشقی سەبازی لەنێو کۆلیژی سەربازی زاخۆ بەهەڵە ئاراستەی کەمپەکە کرابن، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆلیژەکە و هێزە ئەمنییەکانی زاخۆ هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە و ئەو دەنگۆیە پشتڕاستنەکراوەتەوە. 

بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە شوێنی رووداوەکە دەست کوردستان24 کەوتوون، گولـلـەیەک بەر بارهەڵگرێک (دوو تەنییەک) کەوتووە و گولـلـەیەکی دیکەش بەر ئەو خێوەتە کەوتووە کە ئاوارە تەمەن 54 ساڵییەکەی تێدابووە.

 

شوێنەواری یەکێک لەو گوللانەی بەر بارهەڵگرێک کەوتووە
شوێنەواری یەکێک لەو گوللانەی بەر بارهەڵگرێک کەوتووە
شوێنەواری یەکێک لەو گوللانەی بەر خێوەتی ئەو ئاوارەیە کەوتووە
شوێنەواری یەکێک لەو گوللانەی بەر خێوەتی ئەو ئاوارەیە کەوتووە