زیاتر لە 12 هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی دەرەوە کراوە

پەتاتەی کوردستان
پەتاتەی کوردستان

K24- هەولێر

بەگوێرەی نوێترین ئامار تائێستا 12 هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە کراوە.

هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن تائێستا 12 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی دەرەوەی عێراق کراوە، جگە لەوەی کە پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی پڕکردووەتەوە و بەشێکیشی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق هەناردە کراوە".

گوتیشی: "ئەو پەتاتەی تائێستا هەناردە کراوە، هی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام زۆرینەی هی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە".

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، راشیگەیاند: "لە بازاڕەکانی دەرەوە خواستی زۆر لەسەر پەتاتەی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش وایکردووە، بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە لە سنووری پارێزگای هەولێر بگاتە 500 هەزار تۆن".

جەختیکردەوە: "بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان خواستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق پڕ دەکاتەوە، بۆیە بەپێویستی دەزانین هەنگاوی هەناردە بۆ دەرەوە خێراتر بکرێت و بازنەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان فراوانتر بکرێت".

لەلایەکی دیکە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ئەوەی خستەڕوو، بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە هەماهەنگی  لەگەڵ رێکخراویWHHی ئەڵمانی لە بەشی کشتوکاڵی قوشتپە، پێداویستی کشتوکاڵی بەسەر جووتیارانی قوشتپە دابەشکردووە، کە پێکهاتبوو لە "عارەبانە، قازمە، خاكەناز، خرماشە، بۆکسی پێداویستی فریاگوزاری، پەینی کیمیایی، هەروەها تۆی تەماتە، خیار، بیبەر، باینجان، کە  51 جووتیاری ناوچەکە لێی سودمەند بوون، لە داهاتووێکی نزیکدا جووتیارانی سنووری شەمامکیش لەو پێداویستیانە سوودمەند دەبن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی، بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، وەک بەشێک لە پێشخستنی ئابووری و لە پێناو  پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان کرد. لە نوێترین هەنگاودا لەو چوارچێوەیەدا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو تۆن هەنگوینی کوردستان هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا.

بریاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا هێلکە و گۆشتی مریشکی هەرێمی کوردستان رەوانەی دەرەوە بکرێت.

ئا: لاڤین عومەر