عێراق و تورکیا رێککەوتن بە یۆرۆ، دینار و لیرەی تورکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن

بانکی ناوەندیی عێراقی
بانکی ناوەندیی عێراقی

K24-هەولێر:

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند: عێراق و تورکیا رێککەتوون بە یۆرۆ، لیرەی تورکی و دینار درێژە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بدەن.

ئەمڕۆ شەممە(2-ی کانوونی یەکەمی 2023 )،بانکی ناوەندی عێراقی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی  نێوان شاندی عێراقی لەگەڵ لایەنی تورکی ئاشکرا کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، شاندی عێراقی کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی و کۆمەڵەی بانکە ئەهلیەکانی عێراق و کەرتی بانکی بە نوێنەرایەتی ژمارەیەک لە بانکە تایبەتەکان، لە ئەستەنبوڵ گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی تورکی تەواو کرد و گەڕانەوە بەغدا، بەپێی زانیارییەکانی بانکی ناوەندیش، شاندەکە لەگەڵ لایەنی تورکی گفتوگۆیان لەسەر  چەند خاڵێک کردووە، لەوانەش ڕێککەوتنی بانکیی لە نێوان بانکە عێراقییەکان و هاوتا تورکییەکانیان لە ڕێگەی بانکی نێوەندگیر  بۆ دەستەبەرکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگان و هاوردەکارە گەورەکان و ئەنجامدانی حەواڵە و پێدانی حەواڵە بە یۆرۆ و لیرەی تورکی.

بانکی ناوەندی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێککەوتن لەسەر ڕێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگانانی بچووک و فرۆشیارانی تاکە کەسی کراوە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە(دینار  و یۆرۆ یان لیرەی تورکی) بکەن بەپێی پڕۆسەی بازرگانی کردنەکەیان، ئەویش بە دانانی پارە بە دینار لە ناوخۆی عێراق و پارەدان بە یۆرۆ یان لیرە لە تورکیا، هاوکات ناردنی کاڵا لە تورکیاوە بۆ عێراق، ئەمەش دەبێتە ئاسانکاری بۆ  بازرگانان لە چوارچێوەی ڕێکخستنی پرۆسەی بازرگانی و گواستنەوەی کەلوپەل و بەرهەمەکان بەپێی ئەو پلانە گشتگیرەی بانکی ناوەندی پەیڕەوی دەکات بۆ کردنەوەی چەندین کەناڵ و دەرچە بۆ دراو، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری لە سیستەمی دارایی و پاراستنی لە مەترسییەکان و بەدەستهێنانی سەقامگیری گشتی بۆ نرخ و چارەسەر کردنی نرخی فەرمی.

کارزان حەیدەر