پرۆژەی هەناردەکردنی هەناری کوردستان بەردەوامە؛ 20 تۆن هەنار هەناردەی قەتەر کرا

هەناری کوردستان
هەناری کوردستان

K24 – هەولێر:

بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەدات لە هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ وڵاتانی جیهان و ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 20 تۆن هەناری کوردستانی هەناردەی قەتەر کردووە.

لە مانگی ئاداری 2022، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ یەکەمجار دەستپێشخەری هەناردەکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو. ئەمەش دوای سەردانەکەی هات بۆ وڵاتی ئیمارات لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو دیدگایەی هەیبوو بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی جیهان.

ئەو بناغەیەی لە ساڵی رابردوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی هەنار و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی دیکە داینا، ئەمساڵیش لەپێناو بەردەوامی گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمی نووسینگەکەیەوە درێژەی پێدرا.

بەرهەمی هەناری کوردستان لە 2023

بەهۆی ئەو هاندان و پشتیوانییەی لە جووتیاران کرا لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمساڵ بەرهەمی هەنار بە رێژەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و گەیشتووەتە 70 هەزار تۆن.

لە هەنگاوی یەکەمدا، 40 تۆن هەنار هەناردە دەکرێت و ئامانجیش ئەوەیە تا کۆتایی ئەم مانگە بگەیەندرێتە زیاتر لە 100 تۆن. لەگەڵ ئەوەش نزیکەی 200 تۆن لە بازاڕی ناوخۆدا فرۆشدراوە و کۆمپانیای کارفور عێراقیش لەم پرۆسەیەدا 10 تۆن هەناری لە مارکێتەکانی خۆی فرۆشتووە.

بۆ ساڵی 2023، وەک هەنگاوی یەکەم و تاقیکاریم 20 تۆن لە هەناری هەڵەبجە لەرێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا بۆ کۆمپانیای فارم کرافت گڵۆباڵ و 20 تۆنی دیکەش هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات کراوە.

لە ساڵی رابردووش، دوو هەزار تۆن هەناری باخەکانی هەڵەبجە و زاخۆ هەناردەی وڵاتی ئیمارات کرا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی وڵاتانی دیکەی کەنداو.

هاوکات کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی هەناردەکردنی ناوخۆیی کردووە، بۆ هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ بازاڕەکانی بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا و لە ماوەی رابردووش 100 تۆن هەناری هەڵەبجە هەناردەی بەریتانیا کرا.

سوودمەندان لە پرۆژەی هەناردەکردنی هەنار

لە پرۆژەی هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەگوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پێشبڕکێ و بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لە پرۆسەی تەندەریندا زیادیکردووە.

هەروەها لە 20 جووتیار لە 11 باخدا بەشداربوون بۆ ئامادەکردنی ئەو هەنارەی هەڵبژێردرا بۆ هەناردەکردن کە لە باشترین جۆرەکانی هەنارن و خواستێکی زۆریان لەسەرە لە بازاڕەکانی جیهاندا.

هاوکات لە بوارە جیاوازەکاندا، پرۆژەی هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، نزیکەی 700 هەلی کاری رەخساندووە.

باخەکانی هەنار لە هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 20 هەزار دۆنم لە خاکی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کراوەتە باخی هەنار کە نزیکەی نیوەی ئەو رووبەرە لە پارێزگای هەڵەبجەیە کە خاکەکەی بۆ ئەو بەرهەمە زۆر بە پیتە.

لە هەر دۆنمێک زەوی بەشێوەی تێکرا، 200 داری هەنار چێندراوە و لە هەر دارێکی هەناریش نزیکەی 20 کیلۆ هەنار بەرهەمی دەبێت و لە هەموو باخەکانی هەناردا لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی پێنج هەزار جووتیار و کرێکار کاری تێدا دەکەن.

خاکی هەڵەبجە بەهۆی ئاستی شێ بە یەکێک لە خاکە بەپیت و بەرەکەتەکان بۆ بەرهەمهێنانی هەنار هەژمار دەکرێت و 11 هەزار دۆنم زەوی ئەو پارێزگایە کراوە بە هەنار، کە هەناری هەڵەبجە بە باشترین جۆری هەناری هەرێمی کوردستان ناسراوە، ساڵانە 30 تا 35 هەزار تۆن هەنار لە هەڵەبجە بەرهەم دەهێندرێت.

لە کوردستان چەندین جۆر هەنار هەن وەک سوورەهەنار، کەوەهەنار، لاڕەشە، مەلەسی، مێخۆش ترش و شیرین. ئەم جۆرە هەنارانە بەتایبەتی لە گوندەکانی سازان، عەبابەیلێ، دڵەمەڕ، تەپەكوڕە، تەپەتۆڵەکە، بامۆک و عەنەب هەن.

هەناری زاخۆ یەکێکی دیکەیە لە هەنارە باشەکانی کوردستان بەتایبەتی لە گوندی ئەرمشتێ هەناری باش هەیە کە 73 جووتیار و 127 باخی هەناری لێیە و جگە لەوەی هەنارەکان بەناوی گوندەکەوە لە بازاڕ ناسراون، جۆرەکانیشی بریتین لە هەناری شارەبان و مەهداوی بەرهەمی ساڵانەی 50 تۆن هەنارە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر لە چەند ناوچەیەک هەنار هەیە وەک مەخموور، چۆمان، حاجی ئۆمەران، پیرمام، کۆڕێ، هەریر، هاودیان، چۆمان، رواندز و بالیسان.

ئامانجەکانی پرۆژەی هەناردەکردنی هەنار

پەرەپێدان بە پرۆسەی هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو، رۆڵی هەیە لە زیادبوونی خواست لەسەر ئەم بەرهەمە لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی.

هەروەها دەبێتە هاندان بۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیا ناوخۆییەکان بۆ بەشداربوونیان لە پرۆژەی دەستپێشخەری هەناردەکردن، ئەمەش وادەکات جووتیارانی هەرێمی کوردستان رۆڵی کارا و زیاتریان هەبێت لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیە، هاندانی ئەو جووتیارانەیە کە پێشتر بەرهەمەکانیان هەناردەکراوە بۆ ئەوەی دووبارە بەشداربن لە پرۆسەی هەناردەکردنی ئەمساڵ و لە هەمانکاتدا، دەرفەت رەخساندن بۆ خاوەنکار و جووتیاری نوێ بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ.

دەستکەوتەکانی پرۆژەی هەناردەکردنی هەنار

بەرزکردنەوەی خواستی بازاڕ لەسەر بەرهەمی هەناری کوردستان و پڕکردنەوەی بەردەوامی بازارەکانی کەنداو بە هەناری کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم بەرهەمە لە سەرتاسەری جیهان بناسرێ و خواستی جیهانی لەسەر بێت.

بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە خواستی بەشداریکردن لە زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەرزبووەتەوە و دەستپێشخەری هەناردەکردنی هەنار لە ساڵی رابردوو، بووە هۆکاری زیاتر بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و هاندانێک بوو بۆ جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرهەمەکانیان بدەن.

لەسەر ئاستی بازرگانیش، هەناردەکردنی هەناری کوردستان پرۆسەی هەناردەکردنی زیاتر پەرەپێداوە، بەشێوەیەک ئەمساڵ هەناری کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە گواسترایەوە بۆ وڵاتانی کەنداو، بۆ زیاتر دڵنیابوون لە کوالێتی بەرهەمەکە، هەروەها گەیشتنی بەخێرایی بۆ بازاڕ، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەناری کوردستان لە رووی کوالێتی و نرخەوە کێبڕکێی نرخ و کوالێتی بەرهەمی جیهانی بکات.