پارتی دەیەوێت بە هەڵبژاردن لە کەرکووک کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن بهێنێت

kurdistan24.net

K24 – هەولیر

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: پارتی دوای شەش ساڵ بە شکۆوە گەڕایەوە کەرکووک و بە درووشمی پێکەوە ژیان بارەگای خۆی کردەوە، لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێندرێت.

محەممەد خورشید، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، بە کوردستان24ی گوت: "یەکێک لە خاڵەکانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق، ئەوە بوو کە دەبێت دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، ماف بدرێت بە هەموو لایەنێکی سیاسی کە جموجۆڵی خۆی بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای شەش ساڵ بە شکۆوە گەڕایەوە کەرکووک و ئاڵای خۆی هەڵکرد و بە درووشمی پێکەوە ژیان بارەگای خۆی کردەوە بۆ خزمەتی کەرکووک و دانیشتووانی شارەکە".

گوتیشی: "پارتی، بە پلان گەڕاوەتەوە کەرکووک، پشتڕاستە بە سەرۆک و ئەو جەماوەرە کە لە کەرکووک هەیەتی، دەمانەوێت بەشێوەیەکی دیموکراتییانە خەڵکی ئێمە بچنە سەر سندووقی دەنگدان، بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک بگۆڕین، کاتێک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەبێت و کاندیدانی پارتی پشکی شێریان هەبێت، کۆتایی بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە دەهێندرێت و پارێزگارێکی یاسایی بۆ کەرکووک هەڵدەبژێردرێت".

محەممەد خورشید دەشڵێت: "ئەو هەموو نادادپەروەرییەی کە بەرامبەر خەڵکی کراوە، لە رێگای ئەنجومەنەوە هەموو ئەوانە نامێنێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی هەمانە لەناو خەڵکین و خەڵکی دەبینین، خەڵک تامەزرۆبوو بۆ گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام سەنگی پارتی لە ناوچەکە و لای دەوڵەتانیش جیاوازە، ئەم راستییە بۆ کەرکووکیش وایە، کاتێک پارتی لە کەرکووک بوونی هەبێت، ئێمە دڵنیان خەڵکی کەرکووک دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان، چونکە دەزانن پارت دیموکراتی کوردستان، دەتوانێت گۆڕانکاری بکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەو پارێزگارەی کە بە نایاسایی دەسەڵاتەکانی قۆڕخ کردووە، بۆ دەستکەوتی تاکەکەسی و خۆیان بەکاری دەهێنن".

راشیگەیاند: "ئەو نا دادپەروەری و گەندەڵییەی بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە، لە بێبەش بوونی کورد لە خزمەتگوزاری، هەموو ئەمانە لەسەری بێدەنگ نابین، ئەو گەندەڵیەش کە کراوە بە بەڵگە لای ئێمە بە دیکۆمێنت کراوە".