بەهۆی"پیسبوونی هەوا" دەوامی بەشێک لە قوتابخانەکانی ئێران کراوەتە ئۆنڵاین

پیسبوونی هەوای ئێران
پیسبوونی هەوای ئێران

K24 - هەولێر

کەشناسیی ئێران هۆشداریی ئاستی پرتەقاڵیی سەبارەت بە پیسبوونی هەوا بڵاوکردەوە. بەهۆی پیسبوونی هەواوە، دەوامی بەشێکی قوتابخانەکان لەو وڵاتە کراوەتە ئۆنڵاین.

رێکخراوی کەشناسیی ئێران سەبارەت بە پیسبوونی هەوای ئەو وڵاتە هۆشداریی ''ئاستی پرتەقاڵی''ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو، 04-12-2023، پیسبوونی رەوشی هەوا بەردەوام دەبێت.

 ڕێکخراوەکە ئاشکراشی کردووە، ئەو پێکهاتانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا چڕتر دەبنەوە و کوالێتیی هەوا تا ئاستی ''ناتەندروست'' دادەبەزێت. دەشڵێت، "ئەگەر پێکهاتە پیسکەرەکانی هەوا کۆنترۆڵ نەکرێن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی هاتوچۆیان تێدایە؛ کوالێتیی هەوا تا ئاستی 'زۆر ناتەندروست' دادەبەزێت".

هەروەها پیسبوونی هەوا لە تاران، کەرەج، ئیسفەهان و مەشهەد بەردەوامە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێژەی پیسبوونی هەوا لە شارەکانی قوم و تەورێزیش زیاتردەبێت.

هاوکات دوای پیسبوونی هەوا، بەڕێوەبەری ناوەندی فریاکەوتنی خێرای تاران رایگەیاند، لە پێنج گۆڕەپانی سەرەکیی شارەکە ئامبوڵانسیان جێگیر کردووە و دەوامی باخچەی منداڵان و قوتابخانەکانی قۆناخی بنەڕەتیش لە بەشی زۆری سنووری تاران بەهۆی پیسبوونی هەواوە کراونەتە ئۆنڵاین.

پێشتر سوودە نەجەفی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شاری تاران گوتبووی، هاووڵاتییان ئاگادار بن یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای تاران سووتاندنی مازۆت و سووتەمەنییە هاوشێوەکانییەتی.

بنکەی ''داتا کراوەکان''ی ئێرانیش رایگەیاندبوو، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازە دەردراوەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەر هەزار دۆلار لە تێکڕای بەرهەمی نیشتمانیی ئێران سێ ئەوەندەی چین و 10 ئەوەندەی ئەمەریکایە و زیاتر لە پێنج هێندەی ڕێژەی نیونجیی بەرهەمی جیهانییە.

بەسترانەوەی ڕژد بە سووتەمەنیی فۆسیلی و لەبەرچاونەگرتنی پەرەپێدانی بەردەوام و نەبوونی وەبەرهێنان لە بواری وزەی پاکدا، سەرەکیترین هۆکاری بەرهەمهێنانی نائاسایی گازە دەردراوەکانی ئێرانن.