بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان هێڵی گەرم کراوەتەوە

تائێستا زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراونەتەوە
شێلتەری سەگە بێلانەکان لە هەولێر
شێلتەری سەگە بێلانەکان لە هەولێر

K24 - هەولێر

ماوەی دوو مانگە شێڵتەرێک بۆ سەگە بێلانەکان لە هەولێر کراوەتەوە، تائێستا زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانەی لەو شێڵتەرە کۆکراونەتەوە، بۆ بەشێکیشیان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، لە دوای نەشتەرگەریش ڤاکسین لە سەگەکان دەدرێت هێڵی گەرمیش دانراوە بۆ هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێک سەگی بێلانە هەبێت پەیوەندییان پێوە بکەن تا سەگەکان بگوازنەوە بۆ شەڵتەر.

ئه‌و سه‌گانه‌ی ئێستا لە هەولێر گوازراونەتەوە شێڵتەر، رۆژانێك له‌ كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شاردا له‌ برسان په‌لاماری خه‌ڵكیان ده‌دا، ئێستا لەوێ به‌خێوده‌كرێن.

شێڵته‌ری سەگە بێلانەکان لە هەولێر‌ لەسەر رووبه‌ری 20 دۆنم زەوی دروستکراوە، ئێستا ژمارەی سەگە بێلانەکان لەو شەڵتەرە گەیشتووەتە سێ هەزار سەگ و رۆژانە چوار تا شەش تۆن خواردنیان پێدەدرێت.

ئازاد عەزیز، بەرپرسی ڤێتەرنەری شێڵتەری سەگە بێلانەکان لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو سەگانەی دەهێنرێنە شێڵتەر سەرەتا پشکنینیان بۆ دەکەین، پاشان نەشتەرگەرییان بۆ دەکەین و ژمارەی تایبەت لە گوێی دەخرێت، پاشان ڤاکسین دەکرێن".

 رۆژانە لە رێگای چەند تیمێکەوە زیاتر لە 60 بۆ 80 سەگ لە کۆڵان و شەقامەکانی هەولێر دەبردرێنە شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر، هێڵێکی گەرمیش  بۆ هاووڵاتییان دانراوە، بۆ ئەوەی هەر شوێنێک سەگی لێ بوو پەیوەندی بکەن.

حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکان بە کوردستان24ی گوت: "هێڵێکی گەرمان کردووەتەوە، رۆژانە خەڵک زۆر پەیوەندی دەکات، ئێمە بەپێی پەیوەندی و سکاڵای خەڵک تیمەکانمان دەنێرینە ئەو شوێنانە سەگەکان کۆدەینەوە و دەیانگوازینەوە شێڵتەر".

سەبارەت بە گلەیی و رێکخراوەکانی ئاژەڵدۆست سەبارەت بە شێڵتەری سەگە بێلانەکان، حەسەن ئیسماعیل دەڵێت: "هەندێک لە رێکخراوەکان گلەیی دەکەن، بەڵام زۆربەیان دەستخۆشیمان لێدەکەن بە گشتی دەستخۆشییەکان زیاترن بۆ کۆکردنەوەی لە شێڵتەر".