شۆفێرانی مەرزی شوشمێ گردبوونەوە

kurdistan24.net

K24 – هەڵەبجە

ئەمڕۆ یەکشەممە 3/12/2023، نوێنەری شۆفێرانی مەرزی شوشمێ لەبەردەم پارێزگای هەڵەبجە گردبوونەوە و دەڵێن: ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە مەرزەکە زیاد کراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەن.

یەکێک لە نوێنەرانی شوفێرانی مەرزی شوشمێ بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لەم مانگەدا ئەمە دووەمجارە گردبوونەوە دەکەین، ئێستا 80 بار میوە لە مەرزەکەی ئێمەدا هەیە، وەک خاوەن شۆفێر رێگای مەرزەکەمان گرتووە، بەڵام ئێمە وەک خۆمان رێگای گەشتیارییمان نەگرتووە، تەنیا رێگای بارمان گرتووە، ستەمێکی زۆرمان لێکراوە بە هۆکاری ئەوەی بەبێ پرس و رای ئێمە بڕیارە 25 ئۆتۆمبێل، لە "سکس وین بکەنە ناو تاک وین"، هەتا پارێزگار بڕیاری هەڵگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نەدات رێگای مەرزەکە ناکەینەوە".

گوتیشی: "هێڵەکەی من دەبێت بە 80 ئۆتۆمبێل هێلەکەی ئەوانیش دەبێت بە 40 ئۆتۆمبێل، بۆ نموونە ئەگەر من لە هەفتەیەکدا دووجار بارم بردبێت، دەبێت بە هەفتەیەک یاخود دوو هەفتە بارێک بەرم، لەسەرەتای وەرزی میوە تاکۆتایی پینج بارمان دەبرد".

شۆفێرێکی دیکەی شوشمێ بە کوردستان24 دەڵێت: "ئێمە لە رابردوودا گردبوونەوەیەکی دیکەشمان ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک وەڵامی نەداوینەتەوە، داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە رژدی بێتە سەرخەت بۆ ئەم کێشەیە، "ناکرێت ئێمە هەموو رۆژێک گردبینەوە و مەرز بگرین لەبەر ئەوەی بەرهەمەکە دوا دەکەوێت بۆ سلێمانی، هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن و کەلوپەل گرانتر دەبێت".

شۆفێرێکی دیکەی شوشمێ دەڵێت: "پێشتر پارێزگاری هەڵەبجە پێی راگەیاندبووین کە چارەسەری دەکات، بەڵام تا ئێستا چارەسەری هیچی نەکردووە، ئێستاش 21 ئۆتۆمبێلی ناردووەتە ئێرە، گوایە ئەمڕۆ بڕۆن بارەکان باربکەن و کارتی هێڵیان بۆ بکرێت، ئێمەش رێگربووین و ناهێڵین، لەبەر ئەوەی ستەمان لێدەکرێت".