کاندیدێکی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای غازی باکوور پلەی یەکەم بەدەست دێنێت

محەمەد سەعدولڵا
محەمەد سەعدولڵا

K24-هەولێر

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای غازی باکوور کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای غازی باکوور، کوردێک لەنێو 18 کاندیدی شاری کەرکووک لەسەرجەم نەتەوەکان، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

محەمەد سەعدولڵا کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای غازی باکوور پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، بۆ کوردستان 24 گوتی: کۆمپانیاکانی گازی باکوور و باشوور تایبەتن بە بەرهەمهێنانی غازی شلی ماڵان، کۆمپانیای غازی باکوور لە بەغداوە هەتا دەگاتە هەرێمی کوردستان غازی شلی ماڵان بەرهەمدەهێنێت، لەگەڵ غازی وشک بۆ تۆڕی  کارەبای نیشتیمانی.

ئەو کاندیدە سەرکەوتووەی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای غازی باکوور ئاماژەی بەوە کرد، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کارگێڕی  کۆمپانیای غازی باکوور، وەکو کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو 18  کاندید پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە بە تێکڕای 747 دەنگ لە بەشداری 2124  فەرمانبەری کۆمپانیاکە، لەگەڵ ئەوەی کۆی گشتی فەرمانبەرانی کۆمپانیا 3100 فەرمانبەرە، وەک محەمەد سەعدولڵا  گوتی، نزیکەی 300 بۆ 350 کورد کە بەشداریان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، نیوەی زیاتری ئەوانەی دەنگیان پێمدا لە نەتەوەکانی عەرەب و تورکمان بوون، گوتیشی: ئەوە نیشانەی ئەوەیە نەتەوەکانی کەرکووک تەنها شتێکیان دەوێت کە رێزلێنانە لەگەڵ بەڕێوەبردنی باش و حکومڕانیەکی دادپەروەرانە، ئێمەش وەکو پارتی کە 16  ساڵە لەو کۆمپانیایە خزمەت دەکەین، پەیامی یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوە ژیان و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و فەرمانبەران دەگەیەنین بێ جیاوازی .

لەبارەی ئەرکی ئەنجومەنەکە، محەمەد سەعدولڵا تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەو ئەنجوومەنە وەکو هەر دەزگایەکی دیکە کار لەسەر  بەرێوەبردنی کۆمپانیا و بڕیاردان لەسەر داهات و زیادکردنی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا دەکات، گوتی: ئێمە دەبینە دەنگی فەرمانبەران بۆ داواکردنی داخوازییەکانیان و چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانیان بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕانکارییەک لە کۆمپانیاکە بکەین لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە، گوتیشی: دەمانەوێت خزمەت بە کەرکووک و خەڵکەکەی بکەین وەک هەولێر.

کارزان حەیدەر