ته‌ندروستی جیهانی: لە سەدا 16ـی دانیشتوانی جیهان خاوەن پێداویستی تایبەتن

K24 - هەولێر:

ساڵانە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە رۆژی جیهانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت چەندین چالاکی و پڕۆژەی تایبەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بەرانبەر بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سەرانسەری جیهان رێکدەخات.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، زیاتر لە 1 پۆینت 3 ملیار کەس، کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا 16ی ژمارەی دانیشتوانی جيهان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتن.

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی وەک رۆژی جیهانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دیاریکردووە.

لەم رۆژەدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوشان لەگەڵ رێکخراوە هاوبەشەکانی لە سەرانسەری جیهان چەندین چالاکی تایبەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بەرانبەر بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت رێکدەخات.

بە گوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی 1 پۆینت 3 ملیار کەس لە جیهان خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەو ژمارەیەش 240 ملیۆنیان منداڵن.

بە پشت بەستن بەم ئامارە لەسەدا 16ی دانیشتوانی زەوی خاوەن پێداویستی تایبەتن، بە جۆرێک لە هەر شەش کەس لە جیهان یەکێکیان خاوەن پێداویستی تایبەتە.

لە سەدا 80ی ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، خەڵکی وڵاتانی تازە پێگەیشتوون.

لە سەدا 9ی خاوەن پێداویستی تایبەت بە رووداوی جیاواز و  لەسەدا 91ی دیکەیان بەهۆی نەخۆشییەوە بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی بۆ چوار جۆری سەرەکی و باوترینیان دابەش کردووە.

ئەو کەسانەی کێشەی بیستنیان هەیە، زیاتر لە 446 ملیۆن کەسە.

ئەو کەسانەی کێشەی بینینیان هەیە، کە زیاتر لە 253 ملیۆن کەسە.

ئەو کەسانەشی لاوازی ژیرییان هەیە ژمارەیان زیاتر لە 200 ملیۆن کەسە.

ئەوانەشی ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە یاخود وەک پێویست نییە،ژمارەیان لە 75 ملیۆن کەس زیاترە.