هەردوو وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان دەکەن

هەردوو وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان
هەردوو وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ تیمی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق کۆبووەوە و تێیدا تاوتوێی پرۆژەی رێگای گەشەپێدانیان کرد، هەروەها بۆ مەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم پڕۆژەیە شاندێکی وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق سەرەتای ساڵی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە (4ـی کانونی یەکەمی 2023) شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان کرد.

رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوانمان باسمان لە رێچکەی پڕۆژەکە و ئەو پارێزگایانە کرد کە پڕۆژەکەیان پێدا تێدەپەڕێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، گەڕێکی دیکە گفتوگۆ دەربارەی پڕۆژەکە بەڕێوەدەچێت و بۆیە بۆ ئەم مەبەستە شاندێکی وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق سەرەتای ساڵی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمـی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، ئێمە گەیشتینە قۆناغێکی پێشکەوتوو لە گفتوگۆمان دەربارەی رێڕەوی پڕۆژەی گەشەپێدان کە لە فاوەوە دەستپێدەکات درێژدەبێتەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆ زاخۆ لەوێدا لەو رێگایەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بە خاکی تورکیا دەبەستێتەوە.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، دەڵێت: ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە و پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، سەرەتای ساڵی داهاتوو کاتێک شاندی وەزارەتی گواتسنەوەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لەگەڵیاندا دەستپێدەکەین و ئێمەش لە رێگەی کەسانی شارەزای خۆمانەوە هەوڵدەدەین بۆچوونەکانی خۆمان بخەینەڕوو بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ خزمەتی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەکاربهێندرێت.

لەلایەکی دیکەوە یونس کەعبی، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسنینی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق، تەواوبوونی نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لێکۆڵینەوەی خاکی بۆ رێگای گەشەپێدان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان بەردەوامە". ناوبراو روونیشیکردەوە، "دیزاینی سەرەتایی پڕۆژەکە بە درێژایی نزیکەی 600 کیلۆمەتر ئامادەکراوە.

بەڕێوەبەری هێڵی ئاسنین ئاماژەی بەوەدا، قۆناغی داهاتوو شایەتی دەستپێکردنی دیزاینە وردەکان دەبێت، پێشبینیش دەکرێت لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا پڕۆژەکە رەوانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکرێت.

گوتیشی:"نزیکەی 18 وڵاتی عەرەبی، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیا ئارەزووی بەشداریکردنیان لە رێبازی گەشەپێدان هەیە، لە رێگەی راوێژکاری، جێبەجێکردن یان وەبەرهێنانەوە".