لە ئێران تەمەنی خانەنشینی زیاد دەکرێت

لە ئێران تەمەنی خانەنشینی زیاد دەکرێت و هاووڵاتییان بە زیانی گەنجانی دەزانن
لە ئێران تەمەنی خانەنشینی زیاد دەکرێت و هاووڵاتییان بە زیانی گەنجانی دەزانن

K24 - هەولێر

لە ئێران تەمەنی خانەنشینی زیاد دەکرێت و هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێیان وایە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی زیان بە گەنجان دەگەیەنێت. 

بەپێی یاسای نوێی تەمەنی خانەنشینی لە ئێران، دەبێ ئافرەتان بۆ خانەنشینبوون 30 ساڵ خزمەت بکەن، یان تەمەنیان 55 ساڵ بێت؛ پیاوانیش 35 ساڵ خزمەت بکەن، یان تەمەنیان 62 ساڵ بێت. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر، تەمەنی خانەنشینی بۆ پیاوان 52 ساڵ و بۆ ئافرەتانیش 45 ساڵ بوو، بەو مەرجەی 30 ساڵ خزمەتیان هەبێت. 

هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یاسا نوێیەکە ناڕازین و، پێیان وایە ئەو یاسایە ئامانج و هەلی کار بۆ گەنجان کەم دەکاتەوە.

بەگوێرەی یاساکە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بۆ ئەوەیە کە "'ناتەرازیی سندووقەکانی خانەنشینی کەم بکاتەوە و توانای سندووقەکان زیاد بکات''. هاووڵاتییانیش پێیان وایە دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجەکان درەنگتر دابمەزرێن و بێکاری لە کۆمەڵگەدا زیاتر بێت.

حکومەتی ئێران هۆکاری سەرەکیی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ڕێژەی پشتیوانی لە سندووقەکانی خانەنشینی کەم بووەتەوە، بۆیە بڕیاریان داوە بۆ هەر ساڵێک سێ مانگ لە تەمەنی خانەنشینیی فەرمانبەران زیاد بکەن. هاووڵاتییانیش پێیان وایە ئەوە دەبێتە هۆی بێئامانجبوونی و بێکاریی گەنجان.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران لە قەیرانێکی ئابووری زۆر خراپدایە کە بەهۆی هەڵاوسانی نزیکەی لەسەدا 50 و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلارەوە دروست بووە.