وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل بیر لە پڕئاوکردنی تونێلەکانی حەماس دەکاتەوە

سەربازێکی ئیسرائیلی لە یەکێک لە تونێلەکانی حەماس
سەربازێکی ئیسرائیلی لە یەکێک لە تونێلەکانی حەماس

K24 - هەولێر

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل سیستەمێکی گەورەی پەمپی داناوە کە رەنگە بۆپڕکردنەوەی ئەو تونێلانە بەکاربهێنرێت کە بزووتنەوەی حەماس، لە ژێر زەوییەکانی کەرتی غەززە بەکاریدەهێنێت، ئەمەش وەکو هەوڵێکە بۆ دەرهێنانی چەکدارەکان لەناو تونێلەکان.

لە ڕاپۆرتێکی رۆژنامەکەدا هاتووە و ئاماژە بەوەکراوە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم دا، سوپای ئیسرائیل لانیکەم پێنج پەمپیان لە نزیکە باکووری کەمپی پەنابەرانی کەناردەریا داناوە، کە دەتوانێت هەزاران مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا بجوڵێنێت و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا تونێلەکان پڕ ئاو بکات و لافاو دروست بکات.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە تا ئێستا روون نییە ئایا ئیسرائیل بیر لە بەکارهێنانی ئەو پەمپانە دەکاتەوە یان نا، پێش ئەوەی هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێت، چونکە پێشتر حەماس رایگەیاندبوو کە بارمتەکانی لە "شوێنی سەلامەت و تونێل"دا شاردووەتەوە.

هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاند، شتێکی مەنتیقیە ئیسرائیل کاربکات بۆ ئەوەی تونێلەکان بەکارنەهێنرێن، کە کۆمەڵێک ئەو کارە دەکەن.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راشیگەیاند، بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر پلانی بەلافاوکردنی تونێلەکان بدات، بەڵام "سوپای ئیسرائیل کاردەکات بۆ نەهێشتنی تواناکانی حەماس بە شێوازی جۆراوجۆر، بە بەکارهێنانی ئامرازە سەربازی و تەکنەلۆژییە جیاوازەکان".

رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، مانگی رابردوو ئیسرائیل بۆ یەکەمجار ئەمەریکای لەو بژاردەیە ئاگادارکردووەتەوە، دەشڵێت: بەرپرسان نازانن حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ چەندە لە جێبەجێکردنی پلانەکە نزیکە.

بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، کە وڵاتەکەیان بڕیاری کۆتایی نەداوە بۆ ئەوەی پلانەکە جێبەجێ بکات یاخود نا.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و بەردەوامی کردە سەر کەرتی غەززە، کە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە 15 هەزار و 899 کەس کوژراون و هەروەها 42 هەزار کەسیش بریندار بوون.