ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا دەکەن "دایکی بۆمبەکان" بە ئیسرائیل بدرێت

"دایکی بۆمبەکان" بەهێزترین بۆمبی نا ئەتۆمی ئەمەریکایە
"دایکی بۆمبەکان" بەهێزترین بۆمبی نا ئەتۆمی ئەمەریکایە

K24 - هەولێر

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا دەیان هەزار گولەتۆپ، بۆمب و مووشەکی داوەتە ئیسرائیل، بەڵام ئەندامانی کۆنگرێس داوا دەکەن "دایکی بۆمبەکان"، کە بەهێزترین بۆمبی نا ئەتۆمی ئەمەریکایە، بە ئیسرائیل بدرێت.

لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەم، ئەمەریکا بەردەوام هاوکاری سەربازی ناردووەتە ئیسرائیل کە چەندین جۆر بۆمب و تەقەمەنی لەخۆوە دەگرێت.

لەکۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئەندامانی کۆنگرێس داوایان کردووە قەدەغەکردنی فرۆشتنی "دایکی بۆمبەکان" بۆ ئیسرائیل هەڵبگیرێت، "بۆ ئەوەی ئیسرائیل ‌هێزی پێویستی هەبێت بەرگری لەخۆی بکات". 

دایکی بۆمبەکان ناوی (جی بی یو 43)ـییە و بەهێزترین بۆمبی نا ئەتۆمییە لە جبەخانەکانی ئەمەریکا. کێشەکەی نۆ هەزار و 850 کیلۆگرامە و درێژییەکەشی نۆ مەترە. هێزی تەقینەوەکەشی یەکسانە بە هێزی تەقینەوەی 11 هەزار کیلۆ تی ئێن تی. توانای هەیە نزیکەی 60 مەتر زەوی قووڵبکات، چەند جارێکیش لە شەڕی داعش و ئەفغانستان بەکارهێندراوە.

جگە لە دایکی بۆمبەکان، رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لە دوای حەوتی تشرینی یەکەم، ئەمەریکا 57 هەزار گولەتۆپی و 15 هەزار بۆمبی داوەتە ئیسرائیل. 

هەروەها 100 بۆمبی پەناگەبڕ لە جۆری بی ئێل یو 109 داوەتە ئیسرائیل، کە کێشی هەریەک لەو بۆمبانە 875 کیلۆگرامە.

هەروەها گۆڤاری ریسپۆنسەبڵ ستەیتکرافتی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە 130 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، واتا لەدوای جەنگی جیهانی دووەم، زۆرترین هاوکاری سەربازی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بووە.

پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی ئاشکرای دەکات، لەنێوان 2018 و 2022، لە سەدا 79ـی ئەو چەکانەی ئیسرائیل بە دەستی گەیشتووە، لەلایەن ئەمەریکاوە بووە.

ئیسرائیل لەرووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەمەریکا دەبەستێت، لەو ساڵەی دامەزراوە تاوەکو ئێستا، هاوکاریکردنی ئیسرائیل بنەمایەکی سەرەکی سەرجەم ئیدارە یەک لەدوا یەکەکانی واشنتن بووە.