تورکیا کاروانێکی سەربازی رەوانەی گرێ سپی دەکات

K24 - هەولێر

سوپای تورکیا تورکیا کاروانێکی سەربازی رەوانەی گرێ سپی کرد و بنکەیەکی سەربازی نوێ دروست دەکات.

میدیا ناوخۆییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، شەوی 4/12/2023، رابردوو سوپای تورکیا کاروانێکی سەربازی کە لە 35 ئامێر و کەرەستەی سەربازیی و زرێپۆش و تانک پێکهاتبوون رەوانەی گرێ سپی لە باکووری رەققە کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، کاروانەکە لە خاڵی سەربازی تورکیا لە گوندی خابوورا لە باشووری رۆژهەڵاتی گرێ سپی جێگیر کراوە.

پێشتریش روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردبووەوە، تورکیا دەستی بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ لە باکووری رەققە کردووە، بۆیە بەردەوام کاروانی نوێی سەربازی و ئامێری جۆراوجۆر رەوانەی ئەو ناوچەیە دەکات.

گرێ سپی سەر بە پارێزگای رەققەی سووریایە، کەوتووەتە سەر سنووری تورکیا، لە شەڕی ناوخۆی سووریا، شارەکە سەرەتا لە ساڵی 2012 کەوتە دەست سوپای سووریای ئازاد، دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن ھێزەکانی داعش داگیرکرا، دواتر لە 16ی حوزەیرانی 2016 لەلایەن ھێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئازادکرا. لە 13ی تشرینی یەکەمی 2019، گرێ سپی لەلایەن تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا داگیرکرا.