فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆسێشەممە 5ی کانوونی یەکەمی 2023، فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵیی و ناوخۆییەکان لە سلێمانی دەستیپێکرد و ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.

چرا تاهیر، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کارگەی کولتوور، ئەم فێستیڤاڵە بۆ نزیەکەی 40 ئافرەت بەشدارن و کەلوپەلەکان لە 158 کەپر دانراون.

راشیگەیاند، ئەو فێستیڤاڵە ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت لە کاتژمێر 10ی بەیانی بۆ 10ی شەو.

چرا تاهیر، گوتی: "ئامانجمان لەم فێستیڤاڵە ئەوەیە فرۆشیارەکانمان سوود ببینن و بەرهەمەکانیان ساغ کەنەوە، لە هەمانکاتدا کڕیارەکان سوود لە بەرهەمەکان وەرگرن کە داشکانیشمان بۆ هەموو بەرهەمەکان کردووە، لەبەر ئەوەی بەرهەمەکان کەمتر لە بازاڕدا دەفرۆشرێن وامان کردووە هەردوولا سوود لەم فێستیڤاڵە بکەن".

 سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە باسی لەوەشکرد، بڕیاریش دراوە لەم فێستیڤاڵەدا بەهیچ شیوەیەک نابێت خواردەمەنی بەگران بفرۆشرێت جێگای قبووڵکردن نییە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە دێنە ئێرە بتوانێت بەرهەمێک لەگەڵ خۆیاندا بەرنەوە.

هەر لەبارەی ئەو فێستیڤالە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی گوت: "ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە گرنگە، چونکە متمانە بە خۆبوون دروست دەکات، بەربوومی خۆماڵی و دەستی کاری ئەم هاووڵاتییانە لە گۆشە و سوچێکی ماڵەوە دەهێنێتە دەرەوە، بەهرە و بەرهەمەکانییان نیشانی خەڵکی دەدەن و دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان و پێداویستی خەڵکیش پڕ دەکاتەوە".

گوتیشی: "تێڕوانینی خەڵکی دەزانن و کێبڕکێ دروست دەبێت لەنێوانیان و ئەزموونێک وەردەگرن، شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کڕیار فێردەبن، بەربوومی خۆماڵی نیشانی گەشتیار و میوان و کڕیار دەدەن، بۆ ئێمە زۆر گرنگە".