سەرۆکی رووسیا لەگەڵ کاربەدەستانی سعوودیە، ئیمارات و ئێران کۆدەبێتەوە

K24 – مۆسکۆ

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ کاربەدەستانی سعوودیە، ئیمارات و ئێران کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و نەوت دەکەن.

دمتری پیسکۆڤی گوتەبێژی کۆشکی کرێمل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەی 6/12/2023 ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا سەردانی سعوودیە و ئیمارات دەکات و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای هەردوو وڵات کۆدەبێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ سعوودیە و ئیمارات و هێورکردنەوەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی ئیسرائیل- فەڵەستین و بابەتی وزە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

پسکۆڤ دەشڵێت: "تەوەرێکی دیکەی پوتین لەگەڵ بەرپرسانەی سعوودیە و ئیمارات گفتوگۆی لەسەر دەکات، بابەتی نەوت و ئۆپێک پڵەسە".

لە بەشێکی قسەکانیدا دمتری پیسکۆڤ گوتی: "پوتین رۆژی دواتر7/12/2023، لە مۆسکۆ لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران کۆدەبێتەوە و پەیوەندی دووقۆڵی و پرسی فەڵەستین تاوتوێ دەکەن.