رۆژنامەیەک: یەکێتی ئەوروپا دژی پێشنیازێکی ئیسپانیا لەسەر پارەکانی رووسیا دەوەستێتەوە

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" بڵاوی کردووەتەوە ژمارەیەک وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دژی پێشنیاری ئیسپانیان سەبارەت بە بەکارهێنانی سوودی هەژمارە بلۆککراوەکانی رووسیا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا.

رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" یاشکرایکرد، چەند وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاندووە، پێشنیازەکەی ئیسپانیا بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا ناگونجێت، چونکە کیێڤ پێویستی بە چەند مانگێک و رەنگە تەنانەت ساڵانێکیش دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو پارانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشنیازی ئیسپانیا کە ئێستا سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکات، لە میانی کۆبوونەوەی نوێنەرانی یەکێتییەکەدا تاوتوێ کراو، بەپێی خەمڵاندنەکانی مەدرید، قازانجی یەدەگی بانکی ناوەندی رووسیا دەتوانێت تا ساڵی 2027 بگاتە 15 تا 17 ملیار یۆرۆ.

راشیگەیاند، نوێنەرانی ئەو وڵاتانە تێناگەن مەدرید ژمارەی ئەو قازانجانەی لە کوێوە وەرگرتووە.

ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی ئەوروپی دەڵێن: پێشنیازی ئیسپانیا بە بێئاگایی یەکێتی ئەوروپا ئامادەکراوە، هەندێکی دیکە پێیان وایە مەدرید بەم شێوەیە ویستویەتی ئاڕاستەکردنەوەی پارەی کیێڤ بۆ بوارەکانی دیکە بەدەستبهێنێت.

دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وڵاتانی رۆژئاوا سەروەت و سامانی رووسیایان بە بەهای سەدان ملیار دۆلار بلۆککرد، لەو کاتەوە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی تری رۆژئاوا کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی بنەمایەکی یاسایی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، ئەم کارانەی رۆژئاوای بە دزی ناوبرد. لای خۆیەوە سەرۆکی بانکی ناوەندیی رووسیا، ئێلڤیرا نابیولینا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی رووسیا خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی پێویستن بۆ تانەدان لە بلۆککردنی یەدەگی رووسیا.