ساڵانە 117  هەزار تۆن زەیتی زەیتوون لە ئیدلیبەوە رەوانەی دەرەوە دەکرێت

زەیتی زەیتون
زەیتی زەیتون

K24-هەولێر:

خاوەن کارگەیەکی زەیتی زەیتوون لە ئیدلیب رایدەگەیەنێت، بەهۆی کەمی باران لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەرهەمی زەیتوون کەمبووە و نرخی زەیتی زەیتوونیش بەرزبۆتەوە، بەشێوەیەک نرخی تەنەکەیەکی 16 کیلۆیی زەیتی زەیتوون گەیشتۆتە 91دۆلار.

سەفوان تەیارە خاوەنی کارگەی زەیتی زەیتون لە ئیدلیب بە کوردستان ٢٤ –ی راگەیاند، بەرهەمی ئەمساڵی زەیتون بەهۆی کەمی باران کەمبۆتەوە ، ئەوەش بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی زەیتی زەیتوون، دەشڵێ، لە تەواوی جیهان نرخی زەیتی زەیتوون گران بووە، ئێستا لە ئیدلبیش نرخی تەنەکەیەکی زەیتی زەیتوون گەیشتۆتە 91 دۆلار.

بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە 15ملیۆن داری زەیتون لە ئیدلیب هەیە و شارەکە لە ئاستی یەکەمدایە لە سوریا بۆ بەرهەمهێنانی زەیتون، خەڵکی ئیدلیب و دەورووبەری پشت بە بەرهەمی زەیتونی زەیتون دەبەستن.

خاوەن کارگەکە دەڵێ، ئیدلیب دەڤەرێکی کشتوکاڵیە، نەوەک گەشتیاری و پیشەسازی، لە ساڵی 2021 دا 15 ملیۆن دار زەیتون لە ئیدلیب هەبوون، ساڵ دوای ساڵیش ئەو ژمارەیە زیاتر بوون.

128 هەزار هێکتار زەوی ئیدلیب بە دار زەیتون داپۆشراوە، بە پێی زانیاری بەرێوەبەرایەتی  پەیوەندیە گشتیەکانی وەزارەتی ئابووری حکومەتی خۆجێی، قەبارەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون لە پارێزگای ئیدلیب ئەمساڵ گەیشتۆتە 103 تۆن، پێویستی ناوچەکەش بە 13 هەزار تۆن هەیە، لە بەرامبەردا 117 هەزار تۆن دەنێرنە دەرەوە.

کارزان حەیدەر