مه‌سرور بارزانی حکومەتی راسپارد بۆ ئه‌نجامدانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیارکردنەوە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راسپارد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی هۆشیاركردنه‌وه‌ بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ئافره‌تان، داواشیكرد چاوپۆشی له‌و تاوانبارانه‌ نه‌كرێت كه‌ توندوتیژی دژی ئافره‌تان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆکوەزیران، راپۆرتێکی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان پێشکەش کرد . هەروەها ئاماژەی بە هۆکارەکانی توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەرکردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەموولایەک هاوکار بن لەپێناو جێبەجێکردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان.

سەرۆکوەزیران جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و گرتنەبەری رێکاری توند و بەسزاگەیاندنی هەموو ئەو تاوانبارانەی کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکەن کردەوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لەمبارەیەوە بکرێت. سەرۆک وەزیران دامەزراوەکانی حکومەتی راسپارد کە هەڵمەتێکی بەرفراوانی هوشیارکردنەوە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام بدەن.

پاشان رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، راپۆرتێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی پەیوەست بە ڕووبەرڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان.

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی کرد کە لە ڕاپۆرتەکە و کۆبوونەوە خرانەڕوو، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەش کە کار لەو بوارەدا دەکەن دووپات کردەوە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ توندوتیژی دابنرێت.