ریال مەدرید داوا لە ئێمباپێ دەكات لە ماوەی 15 رۆژ خۆی یەكلایی بكاتەوە

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید و كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری سانجێرمان
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید و كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری سانجێرمان

کارگێری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سەرەتای ساڵی نوێ، دوایین ئۆفەری خۆی بۆ گواستنەوەی کلیان ئێمباپێ، پێشکەشی ئەو یاریزانە بکات، بەڵام ئۆفەرەکەی ئەمجارەیان جیاواز دەبێت و ئامادەنین هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، کاتێکی زۆر چاوەڕێ وەڵامەکەی بکەن.
هەرچەندە ماوەیەک لەمەوبەر، بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، بەفەرمی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند ئامادەنین هیچ ئۆفەرێک، بۆ گواستنەوەی کلیان ئێمباپێ پێشکەشی ئەو یاریزانە بکەن، بەڵام پێدەچێت بە بڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە و بۆ دوایینجار خۆیان تاقی بکەنەوە.
چەند ساڵێکە بەرپرسانی یانە شاهانەکە لە هەوڵی گواستنەوەی گۆڵکارەکەی یانە شازادەکە شکست دێنن، سەرەڕای ئەوەی خودی یاریزانەکەش نایشارێتەوە، هەموو خەونی ئەوەیە درێسی یانە ئیسپانیەکە لەبەر بکات.
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز و ستافەکەی لە یانەی ریال مەدرید، بڕیاریانداوە، وەکو کۆتا دەرفەت ئۆفەرێکی دیکە پێشکەشی کلیان ئێمباپێ بکەن، ئەگەر ئەمجارەیان رازی نەبوو، ئەوکات بە یەکجاری خەونی ئەو یاریزانە لەبار دەبەن و چیدیکە هەوڵی گواستنەوەی نادەن.
سەرچاوەکە زانیاریشی دەستکەوتووە، بەرپرسانی ریال مەدرید، کلیان ئێمباپێیان ئاگادار کردووەتەوە، پێویستە ئەمجارە لە ماوەیەکی کورت وەڵامی ئۆفەرەکەیان بداتەوە، واتە ئەوان لە سەرەتای مانگی ساڵی نوێ، ئۆفەری پێشکەش دەکەن، دەبێت ئێمباپێ لە ماوەی 15 رۆژ خۆی یەکلایی بکاتەوە.
یانە شاهانەکە لە ئەگەری شکستهێنانەوە لە گواستنەوەی کلیان ئێمباپێ، ئەو کات هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند، گۆڵکارە لاوەکەی یانەی مانچێستەر سیتی دەدەن، هەرچەندە پرۆسەی گواستنەوەی ئەو یاریزانە نەرویجیە زۆر قورسترە، ئەویش بەهۆی ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی ماوە.
کلیان ئێمباپێ هاوینی ساڵی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی فیفا، هەموو یاریزانێک شەش مانگ پێشکۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی، بۆی هەیە گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە بیەوێت، بۆیە ئێمباپێش لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو بە دواوە، دەتوانێت بە ئاشکرا لەگەڵ بەرپرسانی ریال مەدرید کۆبێتەوە.