دادوەران و فیلمەکانی بەشەکانی پێشبڕکێی دەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک ناسێندران

K24-هەولێر:

دادوەران و فیلمەکانی بەشه‌کانی کێبڕکێی سینەمای جیهان و سینەمای کوردی لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک ناسێندران و ئەمین ئاڵپەر دەرهێنەری ناوداری سینەما سەرۆکایه‌تی دەستەی دادوەرانی بەشی کێبڕکێی نێودەوڵەتی دەگرێتە ئەستۆ.

ئەمڕۆ چوارشەممە(6-ی کانوونی یەکەمی2023)، مەسعوود عارف وتەبێژی فەرمی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک له یه‌که‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه گوتی: ئەم خوله‌ی فێستیڤاڵەکە، بە دروشمی زمانی کوردی و فیلمەکانی به‌شداربووی، بە 16 زمانی جۆراوجۆر لە 34 وڵاتەوە، دەچنە سەر پەردەکانی سینەمای دهۆک .

مەنسور جیهانی دەرهێنەر بۆ کوردستان24 گوتی: لە بەشی سینەمای کوردی 50 فیلم، لە بەشی "سینەمای جیهان 66 فیلم و بە گشتی 116 فیلم نمایش دەکرێن کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، رێژه‌ی بەرهەمێکی زیاتر لەخۆ دەگرن.

 26 فیلمی کوردی و 31 فیلمی بیانی، به‌ کۆی گشتی 57 فیلم لە بەشی پێشبڕکێیەکاندا ئامادەن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خەڵات رکابه‌ری دەکەن.

کارزان حەیدەر