عەبدوڵڵای كوێخوا موبارەك: دەكرێت ئەزموونی بەیەكەوەژیان و خزمەتگوزاری هەولێر بۆ كەركووك بگوازرێتەوە

عەبدوڵڵای كوێخوا موبارك، كەسایەتی چەمچەماڵ
عەبدوڵڵای كوێخوا موبارك، كەسایەتی چەمچەماڵ

K24 - هەولێر: 

عەبدوڵڵای كوێخوا موبارەك ئاماژە بەوە دەكات، پرسی كەركووك پەیوەستە بە پرسی ناسنامە، نەتەوە و نیشتمان و لەم سۆنگەیەوە دەنگدەری كورد بچێت بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە بكات، بە پێویستیشی دەزانێت ئەزموونی بەیەكەوەژیان و خزمەتگوزاری هەولێر بۆ كەركووك بگوازرێتەوە.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 7ـی كانوونی یەكەمی 2023) عەبدوڵڵای كوێخوا موبارەك، كەسایەتی شارۆچكەی چەمچەماڵ تایبەت بە كوردستان24 رایگەیاند، عەقڵیەتێكی شۆڤێنی سەردەمی رژێمی بەعس تا ئێستاش لەناو لایەنە عێراقییەكان ماوە بەتایبەتی كە تا ئێستاش رەنگدانەوەی لە بەڕێوەبردنی كەركووكدا هەیە. گوتیشی، گرنگە خەڵكی كەركووك بەتایبەت كورد بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكات بۆ ئەوەی ئەو عەقڵیەتە چیدیكە بەڕێوەی نەبات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، پارتی لە كەركووك دووپات لەسەر كوردستانیبوونی شارەكە دەكاتەوە و بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەیی كورد دەكات و بە هەموو دنیاش دەڵێن كەركووك شارێكی كوردستانییە.

عەبدولڵای كوێخوا موبارەك بە پێویستی زانی دەنگ بە لیستی 197ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدرێت بۆ ئەوەی وەك چۆن هەولێر بەڕێوەدەبات بە هەمان شێوە كەركووكیش بەڕێوەببات. روونیشیكردەوە رێژەیەكی بەرچاو عەرەب، توركمان و مەسیحی و پێكهاتەكانی دیكە لە هەولێر هەیە، بەڵام بە سیاسەتێكی حەكیمانە ئیدارەی ئەو شارە دەدرێت، كە دەكرێت پێكهاتەكانی كەركووك بەتایبەتی عەرەبەكان ئەو واقیعە ببینن و ئەزوومی لێ وەربگرن.

ئەو كەسایەتییەی چەمچەماڵ بە پێویستی زانی كورد بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكات، چونكە كەركووك موڵكی هەمووانە و هی تاكە حزب و كەسێك نییە، بەڵكو پەیوەستە بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی كورد.

بڕیار وایە رۆژی 18ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) بەڕێوەبچێت.