نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی شەش مانگی رابردوو دابەزی

نرخی نەوت - وێنە: رۆیتەرز
نرخی نەوت - وێنە: رۆیتەرز

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی نیگەرانی وەبەرهێنەران سەبارەت بە سستبوونی خواست بۆ نەوتی خاو لەلایەن ئەمەریکا و چین، نرخی نەوت درێژەی بە دابەزینەکانی دا و بۆ نزمترین ئاستی شەش مانگی رابردوو دابەزی.

هەردوو پێوەری نەوتی خاوی بازاڕەکانی جیهان نزمترین نرخیان لە دوای کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵ تۆمارکرد. نرخی یەک بەرمیل لە نەوتی خاوی برێنت بە 48 سەنت دابەزی و گەیشتە 73 دۆلار و 82 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نەوتی خاوی ئەمەریکا بە 33 سەنت دابەزی و گەیشتە 69 دۆلار و 5 سەنت.

جۆن ئیڤانس، شرۆڤەکاری کۆمپانیای PVM Oil رایدەگەیەنێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی خواستی  چین وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا و، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریکا بووەتە هۆی دروستبوونی فشاری لەسەر نرخەکانی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان.

بە گوێرەی بەرێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا، بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا لە نزیک بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی مێژووییدایە، دوای ئەوەی بەرهەمهێنان گەیشتە زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

بەرێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، یەدەکی بەنزین لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 5.4 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 223.6 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش زیاترە لە پێنج ئەوەندەی پێشبینی بازاڕەکان کە چاوەڕوان دەکرا بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئابووری چین گوشاری خستە سەر نرخەکانی نەوت. ئامارە فەرمییەکانی چین ئاشکرای دەکەن، هاوردەکردنی نەوتی خاو لە مانگی نۆڤەمبەر بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە 9% دابەزیووە، بەهۆی ئاستی بەرزی کۆگاکان و لاوازی پێوەرەکانی ئابووری و سستبوونی داواکاری پاڵاوگە سەربەخۆکان چین.

دابەزینی نرخی نەوت لە کاتێکدایە، رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی خاو (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ژێر بڕیاری  خۆبەخشانە بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو راگەیاندووە، بەڵام لەو کاتەوە نرخی نەوت بە نزیکەی 10% دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە.

سعوودیە و رووسیا، دوو گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا، رۆژی پێنجشەممە، داوایان کرد سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس بەشداری رێککەوتنێکە بکەن سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە پێناو ئابووری جیهان.