لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی سۆران پێکهێندرا

رووداوەکەی سۆران
رووداوەکەی سۆران

K24 – هەولێر:

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران پێکهێنا.

بە نووسراوی ژمارە (35026) لە (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە هۆکاری رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

بەگوێرەی فەرمانەکە، لیژنەکە راسپێردران بەزووترین کات دەستبەکاربن و لێکۆڵینەوە بکەن لە هۆکارەکانی رووداوەکە و مەرجەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکە، و لایەنی کەمتەرخەم دەست نیشان بکەن.

لیژنەکە بە سەرۆکایەتی عەمیدی مافپەروەر تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی پەیمانگەی بەرگری شارستانی بە وەکالەت و ئەندامیەتی عەقید یونس قادر رەسول، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران و عەقیدی مافپەروەر کۆچەر عەبدوڵڵا قادر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی و دڵشاد مرادخان سەلیم، ئەندازیاری کارەبا و نوێنەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێکهێندراوە.

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

فەرمانەکەی وەزارەتی ناوخۆ
فەرمانەکەی وەزارەتی ناوخۆ