فەرەنسا.. سەرۆک و 26 ئەندامی پارتێک بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی دادگایی دەکرێن

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی پارتی "گردبوونەوەی نیشتمانی" لە فەرەنسا، مارین لی پێن و 26 ئەندامی پارتەکەی بە تۆمەتی رەخساندنی "هەلی کاری وەهمی" بۆ یاریدەدەرانی نوێنەرانی ئەوروپی لە پارتەکەی، لەبەردەم دادگا ئامادە دەبن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی "بی ئێف ئێم تی ڤی"، دوو دادوەر لە سەر داوای داواکاری گشتی، دوێنێ هەینی بڕیاریان داوە بۆ دادگایی کردنی 27 کەس لە پارتی "گردبوونەوەی نیشتمانی".

لای خۆیەوە پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی پشتڕاستی کردەوە کە هیچ پێشێلکارییەک لەلایەن ئەندامەکانییەوە ئەنجام نەدراوە، لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەی کە لە دژی سەرۆکی پارتەکە و جێگرەکانی تۆمارکراوە.

پارتەکە بە کەناڵەکەی راگەیاندووە: "بە فەرمی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە کە ئاراستەی نوێنەرەکانمان و یاریدەدەرانمان لە پەرلەمان دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنەکە رێگەیان پێدەدات بەڵگەکانیان بخەنەڕوو.

بەگوێرەی کەناڵەکە، لێکۆڵینەوەکە 27 کەس لەخۆدەگرێت کە لەنێویاندا مارین لێ پێن و باوکی، ژان ماری لێ پێن، دامەزرێنەری پارتی بەرەی نیشتمانی و نوێنەری پێشووی ئەوروپا و یاریدەدەرەکانیان.

داواکارانی گشتی داوا دەکەن تۆمەتبارانی سەرەکی لەبەردەم دادگای چاکسازی لە پاریس دادگایی بکرێن بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی".

پێشتر باس لەوە کرابوو، کە سەرۆکی پێشووی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی راستڕەو، مارین لێ پێن، بڕی 330 هەزار یۆرۆی داوە، کە پەرلەمانی ئەوروپا داوای کردبوو، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە رەخساندنی "هەلی کاری وەهمیی" بۆ دوو لە یاریدەدەرەکانی.