سیپان عەزیز: هەندێک لایەن لە بەغدا بە مەبەست ئاستەنگ بۆ رێککەوتنەکان دروست دەکەن

"عێراقی نوێ پابەند نییە بە یاسا و دەستوور"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سیپان عەزیز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەندێک لایەن لەناو حکومەتی عێراق بە مەبەست ئاستەنگ بۆ رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دروست دەکەن.

سیپان عەزیز، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "ئەوەی کە پێی دەگوترێت عێراقی نوێ، پابەند نییە بە یاسا، دەستوور و رێنماییەکان، لە رووی دارایی و سیاسیی و هەموو بوارەکانی دیکە، لە هەمانکاتدا لە دادگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران چاودێرییەکی ئەوتۆ نییە بەسەر دامودەزگاکان، بۆ ئەوەی بەو قەبارە زۆرەوە گەندەڵی نەکرێت و پارە بە هەدەر نەدرێت".

گوتیشی: "ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان داهات و بودجە و بەو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پارەیەکی زۆر کەم بۆ خزمەتکردنی خەڵک دابینکراوە، واتە ئەولەویەت بۆ بەرژەوەندی هەندێک کەس و لایەنی سیاسیی بووە".

سیپان عەزیز، ئاماژەی بەوەشدا: "بەر لە هەموو شتێک لە عێراق دەستوور جێبەجێ ناکرێت، تەنانەت ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانیش دەردەچن جێبەجێ ناکرێن، ئەرکی دادگای فیدراڵییە چاودێری جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان بکات، کارامەیی دامەزراوەکانی عێراق، وایکردووە گەندەڵی زیاتر بێت".

سەبارەت بە جیاوازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "جیاوازییەکی زۆر هەیە لەو ژێرخانە ئابوورییە گەورەی کە هەرێمی کوردستان هەیە بەراورد بە ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزاریش جیاوازی زۆر هەیە، کەچی هەندێک نوێنەری کورد دەخوازن هەرێمی کوردستان وەکو بەغدا بێت، لەکاتێکدا ئێمە لە بەغداین خەڵکی خەون بەوە دەبینن ژیانیان وەکو خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت".

سیپان عەزیز، باسی لەوەشکرد: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا شۆڕشێکی نوێی بەرپا کردووە، هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ رێککەوتن و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەشێک لە لایەنەکانی ناو حکومەتی عێراق بە مەبەست دەیانەوێت رێککەوتن جێبەجێ نەکرێت، کاتێک دەزانن هیچ کێشە نەماوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەوە و دەیانەوێت ئاستەنگی بۆ دروست بکەن".