سورا هاشم محەمەد: پارتی مێژووی 77 ساڵی لەگەڵ پێکهاتەکان هەیە

K24-هەولێر:

کاندیدی ژمارە 20 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە نەتەوەی عەرەبە و ئاماژە بەوە دەکات، باوەڕی بە پارتی وای کردووە خۆی لەسەر لیستی ئەو پارتە کاندید بکات.

ئەمڕۆ شەممە(9ی کانوونی یەکەمی 2023)، سورا هاشم محەمەد کاندیدی ژمارە 20 ی لیستی 197 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی 30 کاندیدی عەرەب و کورد و تورکمان لە شاری کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و خۆی لە نەتەوەی عەرەبە، بە کوردستان24 ی ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سیاسەتێکی هاوسەنگە و پێی وایە ئەو پارتە هەموو پێکهاتەکانی تێدایە لە عەرەب و تورکمان و کورد، گوتی: پاش ئەوەی سەیری بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەو پارتەم کرد کرد، گەیشتمە ئەو باوەڕەی بڕیار بدەم بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی 197 ی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەم.

هەروەها ئەوەی بۆ کوردستان 24  ئاشکرا کرد، بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی بۆ دوو لایەن دابەشکردووە، لایەنی یەکەمی لە بەرنامەی حزبەکەی وەرگرتووە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و دەڵێ:40   خاڵە و لە گرنگترینیشیان ماددەی 140 ی دەستووری عێراقە بۆ جێبەجێکردن، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زارەکان، گوتیشی: پرسی ژنان و گەنجان و قوتابیان بەشی دووەمی بەرنامەکەم دەبێت وەکو مامۆستایەکی زانکۆ بۆ  پیشخستنی خوێندن.

سورا تیشکی خستە سەر ئەو هۆکارانەی وای کردووە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی کاندید بکات و گوتی: ئەوەی هانیدام لەسەر ئەو پارتە خۆم کاندید بکەم، باوەڕمە بە پارتەکە، پارتێک مێژووی 77 ساڵی هەیە لەگەڵ پێکهاتەکان و هەمیشە داوای پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەش چارەسەری پێیە بۆ کێشەکانی کەرکووک، ئەو خاڵانە لە بەرنامەی پارت و لایەنەکانی دیکە دیار نین.

لەبارەی پشتیوانیکردن لە پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک، سورا دووپاتی لەوە کردەوە، وەکو عەرەبێک دەنگ بە کوردێک دەدا بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری کەرکووک، بەو مەرجەی هەموو خاڵەکانی بوون بە پارێزگاری تێدا بێت، گرنگ ئەوەیە بە یەکسانی ئیدارەی شارەکە بکات.

لەبارەی گەڕانەوەی پارتیش بۆ کەرکووک، ئەو کاندیدەی پارتی پێی وابوو، گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک هەنگاوێکی زۆر باش بوو بەتایبەت لەو دۆخەی ئێستای کەرکووک، گوتی: ئەو گەڕانەوەیە جۆرێک لە یەکسانی و نوێنەرایەتی دروستدەکات بۆ هەموو پێکهاتەکان و پایەکانی پێکەوە ژیان پتەوتر دەکات، بەتایبەت پاش داوای پارتی لە یەکسانیی بەرێوەبردنی ئیدارەی شارەکە، چونکە ئەزموونەکانی رابردوو ئاشکرای کردووە، پەراوێزخستنی لایەنێك لە ئیدارەی شارەکە جێگەی قەبوڵ نییە.

کارزان حەیدەر