کۆریای باکوور ئیدانەی ڤیتۆی ئەمەریکا دژی ئاگربەستی شەڕی غەززە دەکات

K24 - هەولێر

جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور، رەخنەی لە ئەمەریکا گرت بەوەی ئەمەریکا رێگری لە رەشنووسی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، کە داوای ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێی لە غەززە کردووە.

کیم سون گیۆنگ، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور بۆ کاروباری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە ئاژانسی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاندووە، ئەمەریکا رێگری لە رەشنووسی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، کە داوای ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێی لە غەززە کردووە و راشیگەیاند، ڤیتۆکە "پێوەری دووانەی واشنتن" نیشان دەدات.

ئەنجومەنی ئاسایش تاوتوێی ئەو پڕۆژەیەی کرد، کە لە لایەن نوێنەرایەتی ئیماراتەوە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو، کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بە هۆکاری مرۆیی داوای بڕیارێکی بەپەلەی کرد بۆ راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە.

13 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پاڵپشتیان لە رەشنووسەکە کرد و بەریتانیاش خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت، ئەمەریکاش ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا لە دژی رەشنووسەکە.

وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور راشیگەیاند، "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڤیتۆی ئەمەریکا بۆ پاراستنی هاوپەیمانێک کە دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیلی کوشتووە، دوو ستانداردی نایاسایی و ناعەقڵانی نییە، بەڵکو هۆکارێکیشە بۆ بەرزبوونەوەی خراپەکاری بەرامبەر مرۆڤایەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەریکا دژایەتی خۆی دەکات و چاوی لە بەردەوامی شەڕی غەززەیە، لەلایەکی دیکەش ئیدانەی هەڵدانی مانگی دەستکردی کۆریای باکوور دەکات، کە هیچ زیانێکی بە هیچ وڵاتێک نەگەیاندووە".

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دەستیپێکردووە، کە بووه‌ هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له‌ 16 هه‌زار  فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ژن و منداڵن.

لە ساڵی 1945 لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و دروستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی ڤیتۆ بەخشراوە بە 5 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، كە لە 15 ئەندام پێكهاتووە و دابەش دەكرێن بۆ دووبەش، یەكەمیان ئەندامە هەمیشەییەكانن كە ژمارەیان 5 ئەندامە، هەروەها ناهەمیشەییەكان كە ژمارەیان 10 ئەندامە، ئەندامە ناهەمیشەییەكان دووساڵ جارێك دەگۆڕدرێن لە رێگەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، كە هەڵبژاردنیان بەپێی توانایانە بۆ هێشتنەوەی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەیی.

یاسای ڤیتۆ ئەوەیە کە هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران تەنیا یەک دەنگی هەیە، بۆ جێبەجێکردنی هەر بریارێک لەسەر بابەتێك پێویستی بە نۆ دەنگ هەیە، دەنگی ئەندامە هەمیشەییەکان دەبێت لە نێویاندا هەبێت و دوا بڕیار بۆ ئەم ئەندامانە دەگەڕێتەوە، چونكە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەرکی سەرشانیانە، هەروەها ئەو دەوڵەتانەی كە ناكۆكیان هەیە ناهێڵرێت دەنگ بدەن.

ئا: لاڤین عومەر