كۆنفرانسی "جینۆساید، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا" لە سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ دووشەممە 11/12/2023، بە چاودێری و ئامادەبوونی حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كۆنفرانسی "جینۆساید، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا" لە سلێمانی دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

دالیا کەمال پەیامنێری کوردستان24، لە سلێمان رایگەیاند، 18 کەس بە توێژینەوە بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە کە لەشێوەی چیرۆک و شیعر و رۆماندان، بۆ ئەوەی ئەو بابەتانەی لە چوارچێوەی جینۆساید دان کۆبکرێنەوە، جگە لەوەش ژمارەیەک لە هونەرمەندان بە بەرهەمەکانیان کە گوزارشتن لە جینۆسایدی گەلی کورد لەو کۆنفرانسە بەشدارن.

هونەرمەند بەختیار هەڵەبجەیی، کە بە تابلۆکانی بەشداری لەو کۆنفرانسەدا کردووە بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کۆنفرانسە بۆ ئێمە وەکو گەلی کورد زۆر گرنگە، چونکە لە رووی دیکۆمێنتەوە دەوڵەمەند نین، بەتایبەتی لەکاتی شاڵاوی ئەنفالەکان، لەو جۆرە کۆنفرانسانە دەتوانین بەشێوەیەکی زانستی و هونەری ئەوەی بەسەر کورد هاتووە دیکۆمێنت بکەین".